کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عیسا کەڵانتەری: لە تێکنۆلۆژی بە شێوەیەکی ئاوەژوو کەڵک وەر دەگرین

11:57 - 19 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە هۆی ناشارەزابوون و گرنگیدان بە بابەتە لاوەکییەکان، هۆکاری بەفێڕۆدانی ئاو و خاکی ئێرانە.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیم، عیسا کەڵانتەری بەرپرسی ڕێکخراوی ژینگەی ئێران، لە کۆتاییی کەرنەڤاڵی ئاو و خاکدا باسی لەوە کردووە: "٦٠ ساڵ پێش لە ناوچەکانی باکووری ئێران ٢/٨ هێکتار دارستان هەبووە، کە لە ئێستەدا ئەم ڕێژەیە گەیشتووەتە ١/٣ میلیۆن هێکتار و ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ئێمە لە تێکنۆلۆژی بە شێوەیەکی ئاوەژوو کەڵک وەر دەگرین.

بە وتەی ئەم بەرپرسەی ڕێژیم، لە حاڵێکدا کە بەرزترین ئاستی موڵەت پێدراوی هەڵگواستنی ئاو لە ژێر زەویدا، بەپێی ستانداردە جیهانییەکان ٤٠ لەسەد لەو ئاوانەیە کە دەگەڕێننەوە بۆ سروشت، بەڵام لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ١٢٠ لەسەد لەم سەرچاوەیە کەڵک وەرگیراوە.

ڕێژیمی ئێران، بە مەبەستی مانەوەی خۆی لەسەر دەسەڵات، تەنیا گرنگیی بە بەشی کاروباری نیزامی دەدات و هەموو سەرچاوە ژێرزەوینی و ڕووزەوینییەکانی لە ماوەی ئەم چل ساڵە تووشی قەیران کردووە و هیچ هەوڵێكیش بۆ چارەسەریی ئەم قەیرانە نادات.