کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عێراق ڤیزای کار بە ئێرانییەکان نادات

11:26 - 17 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: بازرگانان و کرێکارانی ئێرانی، کە چەند ساڵێکە بە هۆی بێکاری و بێدەرەتانییەوە، ڕوویان لە وڵاتی عێراق کردبوو، لە ڤیزای کاری ئەم وڵاتە بێبەری دەبن.

بەهمەن مواردنیا، پارێزگاری ڕێژیم لە پارێزگای سنە، لە پێوەندی لەگەڵ ئەوەی کە وڵاتی عێراق ڤیزای کار  بە ئێرانییەکان نادات، وتوویەتی: ڕێژەی خاوەن پیشەکانی ئێرانی لە عێراقدا، لە ٢٠ هەزارەوە بۆ ٥ هەزار کەس دابەزیوە.

هەرچەندە ئەم بەرپرسەی ڕێژیم لە پارێزگای سنە، ئاماژەی بە هۆکار و وردەکارییەکانی نەدانی ڤیزای کار بە ئێرانییەکان لە لایەن وڵاتی عێراقەوە نەکردووە، بەڵام هەواڵدەریی تەسنیم، کە یەکێک لە هەواڵدەرییەکانی سەر بە رێژیمە، لە زاری ناوبراوەوە ئاماژەی بەوە کردووە، نەبوونی ژێرخانی سیستمی هاتووچۆ، بەتایبەت هێڵی ئاسمانیی، یەکێک لە گرنگترین کێشەکان بۆ بازرگانی نێوان پارێزگای سنە و هەرێمی کوردستانە.

هەر لەم پێوەندییەدا، حەوتووی ڕابردوو، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەمنییەتی ڕێژیمی ئێران. لە بارەی لەنێوچوون و لاوازبوونی پێگەی ئابووریی ئێران لە عێراقدا و جێگرتنەوەی تورکیە و عەرەبستان لەو وڵاتە هۆشداری دابوو.

وڵاتی ئێران و عێراق کە لە بواری بەرهەمهێنانی گاز و نەوتدا، لە وڵاتە یەکەمەکانی دنیان، بە هۆی سیاسەتی هەڵەی بەرپرسانی هەر دوو وڵات و بەتایبەت سیاسەت و دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە عێراقدا، وای کردووە کە هەر دوو وڵاتەکە لە ژێر باری قەیرانی ئابووریدا بناڵێنن، بەوەشەوە وڵاتی عێراق کە سەقامگیریی سیاسی تێدا نییە، لە باری ئابوورییەوە دۆخی لە ئێران باشترە و لەم چەند ساڵەی دواییدا هیوا و ئومیدی بازرگانان و کرێکارانی ئێرانی بووە.