کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەبدولكەریم لاهیجی، دۆخی بەندكراوانی سیاسی لە ئێراندا نالەبارە

22:15 - 5 بانەمەڕ 2716

كوردستان میدیا: عەبدولكەریم لاهیجی، سەرۆكی فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی كۆمەڵەكانی مافی مرۆڤ لە نامەیەكدا بۆ زەید ڕەعد ئەلحوسەین، كۆمیسێری باڵای مافی مرۆڤی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، وێڕای پێشكەشكردنی ڕاپۆرتێك لە سەر دۆخی نالەباری تەندروستیی ژمارەیەكی بەرچاو لە بەندكراوانی سیاسی لە ئێراندا، كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامیی بەوە تۆمەتبار كرد كە خۆیان لە دابینكردنی پێداویستییەكان و دەستڕاگەیشتنی بەندكراوانی سیاسی بە چارەسەری پزیشكی و دەرمانی پێویست بواردووە.

ئەو ڕاپۆرتە باس لە گیان لە دەستدانی لانیكەم ٥٠ زیندانی لە ساڵی ٢٠٠٣ بەم لاوە لە بەندیخانەكانی ئێراندا دەكات كە لە هەلومەرجێكی نائاساییدا و بە هۆكاری جیاجیا گیانی خۆیان لە دەست داوە. ڕاپۆرتەكە دواتر ئەو هەلومەرجە نائاساییە لە كوتان و لێدانی پاش چارەسەری پزیشكی و ئەشكەنجە و نەبوونی چاوەدێریی پزیشكیدا دەبینێت.

ئەو ڕاپۆرتە تەنانەت ئاماژە بە گیان لە دەستدانی دوو كەس لە بەندكراوانی ناسراوی سیاسی (ئەكبەر موحەممەدی و هودا سابیر) دەكات كە لەوانەیە بەرپرسانی زیندان لە دابینكردنی چارەسەری پزیشكی و دەرمان لە كاتی خۆیدا بۆ ئەو دوو كەسە بە ئەنقەست خۆیان بواردبێت.

ڕاپۆرتەكەی لاهیجی باس لە ستار بەهەشتی ـوێبلاگنووس و چالاكی كرێكاری‌ـ كە لە ژێر ئەشكەنجەدا كوژرا و هەروەها شاهرۆخ زەمانی، چالاكی سەندیكایی دەكات كە لە هەلومەرجێكی زۆر گوماناویدا لە بەندیخانەی ڕەجایی شەهر گیانیان لە دەست دا.

لە بەشێكی دیكەی ئەو ڕاپۆرتەدا باس لە بارودۆخی نالەباری ژمارەیەكی زۆر لە بەندكراوانی سیاسی وەك موحەممەد سدیق كەبوودوەند، زەینەب جەلالیان، بەهارە هیدایەت، نەرگس موحەممەدی، بیهنام ئیبراهیمزادە، عەبدولفەتاح سولتانی و ئومید كەوكەبی فیزیكناسی لاوی بەندكراو و كۆمەڵێك بەندكراوی سیاسیی دیكە كراوە كە لە ڕووی جەستەییەوە لە هەلومەرجێكی زۆر دژواردان و بەرپرسانی زیندانەكانی ڕێژیم بە شێوەیەكی زۆر نەشیاو لەگەڵ ئەو زیندانییە نەخۆشانەدا هەڵسوكەوت دەكەن.