کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەرەبستان داوای چوونەدەرەوەی ڕێژیمی ئێرانی لە سووریە کرد

09:33 - 27 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: عەرەبستانی سعوودیە داوای لە ڕێژیمی ئێران کردووە لە سووریە بکشێتەوە و دەستێوەردانەکانی خۆی لە سووریە کۆتایی پێبهێنت هەتا سەقامگیری بۆ ئەو ناوچەیە بگەڕێتەوه.

"عەبدوڵڵا بن یەحیا ئەلموعەلمی" نوێنەری هەمیشەیی عەرەبستانی سعوودیه لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەر جۆره دەستێوەردانی ڕێژیمی ئێرانی لە سووریەدا بە مەبەستی پشتیوانی لە ڕێژیمی ئەسەد بۆ گۆڕینی دێمۆگرافی و ژێنۆسایدی نەتەوەکانی ئەو وڵاتە مەحکووم کرد.

نوێنەری هەمیشەیی سعوودیە دوای دەست لەکار کێشانەوەی "ستفان دیمیستۆرا" داوای لە ڕێژیمی ئێران کرد کە ڕێکخراوی سپای پاسداران و میلیشیاکانی خۆی لە خاکی سووریە بکشێنێتەوە.

ئەلموعەلمی لە قسەکانیدا باسی لەوەش کردووە، دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران بووەتە هۆی ئەوەی کە ژێربەنای سووریە لەناو بچێت، هەزاران کەس بکوژرێت، میلۆنان کەس ئاوارە بن.

پشتیوانییەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی یەمەن، سووریە و چەندین وڵاتی دیکە بەردەوام ناڕەزایەتیی بەرپرسانی ئەمنییەتیی وڵاتانی عەرەبی لێ کەوتووەتەوە، ئەوەش لە حاڵێکدایە کە ڕێژیم بە دەستێوەردانەکان لەو وڵاتانەدا درێژە دەدات.

لە سەرەتای شەڕی نێوخۆیی سووریەوە، کە لە ساڵی ٢٠١١ـەوە لە نێوان ڕێژیمی ئەسەد و گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە سەری هەڵداوە، زیاتر لە ٣٠٠ و ٧٠ هەزار هاووڵاتی کوژراون و زیاتر لە نیوەی خەڵکی ئەو ڵاتە ئاوارە بوونه، ڕێژیمی ئێران بە هەموو توانایەکیەوە بەرگری لە ڕێژێمی بەشار ئەسەد دەکات و وێڕای دابین کردنی چەکوچۆڵ، شان بە شانی شەڕ دەکات.