کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەلی خامنەیی "سیلیی موحکەمـ"ـی بە کردەیی کرد

18:14 - 28 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: هێرش بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی عەرەبستانی سعوودیە، بە تەئیدی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بووە.

هەواڵدەریی "CBS" لە زاری بەرپرسانی ئامریکایی بڵاوی کردووەتەوە کە هێرش بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعوودییە بە بڕیاری خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بووە.

ئەو هێرشە بەو مەرجه بووە کە ئێران بتوانێت دواتر حاشا لەو کردەوەیە بکات.

یەک حەوتوو بەسەر ڕووداوی هێرش بۆ دامەزراوە نەوتییەکانی سعوودیە تێپەڕ دەبێت و ڕێژیمی ئێران وەک تاوانباری ئەو ڕووداوە ناسێندراوە.

پێش ئەو هێرشە و لە دوای گەمارۆی نەوتیی ئێران لە لایەن ئامریکاوە، "حەسەن ڕووحانی" سەرکۆماری ڕێژیمی ئیران باسی لەوە کردبوو کە ئەگەر نەوتی ئێران هەناردە نەکرێت، هیچ نەوتێک لە کەنداودا هەناردە ناکرێت.

ڕۆژنامەی "کەیهان" سەر بە خامنەیی بڵاو کردبووە کە وڵامی ئەو هەوڵەی ئامریکا بە "سیلیی موحکەم" دەدەینەوە.

بەرپرسانی نیزامی  و ئەمنییەتیی ڕێژیمی ئێران بە جیددی هەڕەشەیان کردبوو کە ئێمە ئیجازە نادەین لە کەنداودا نەوت هەناردە بکرێت.

لە ئێستادا جیا لە ئامریکا و عەرەبستان، تەنانەت ئەو وڵاتانەی کە لەگەڵ ئێران پێوەندییان هەیە، ئێران بە تاوانباری ئەو هێرشە دەزانن.