کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەلی عابدی خەڵات کرا

16:20 - 27 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: "عەلی عابدی" هونەرمەندی ناوداری نەتەوەی کورد، خەڵكی کوردستانی ڕۆژهەڵات خەڵات کرا.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەشەمەی ١٣٩٧ی هەتاوی، "كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی شیمیایی‌بارانی هه‌ڵه‌بجه‌ و ناوەندی گه‌شه‌پێدانی چالاكیی لاوان" له‌ ٣١مین ساڵیادی شیمیایی‌بارانی هه‌ڵه‌بجە‌، لە ڕێوڕەسمێكی تایبەتدا ڕێزیان "عەلی عابدی" هونەرمەندی ناوداری نەتەوەی کورد کرد.

ئەو ڕێوڕەسمە لە باشووری کوردستان بەڕێوە چووە و تێیدا ناوبراو خەڵات کراوە.

 عەلی عابدی، یەکێکە لە هونەرمەندە گۆرانیبێژ، ژەنیار و ئاوازدانەرە دەروەستەکانی کوردە کە خاوه‌نی سروودی "به ‌ته‌نیا جێم مه‌هێڵن"ـە، کە تایبەتە بە کارەساتی هەڵەبجە و هەر لە ساڵانی هەشتاوە لە زین و هزری گوێگری کورددا جێگای گرتوووە.

ئەو هونەرمەندەی کورد هەتا ئێستا چەندین جار لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە بانگهێشت و هەڕەشەی لێکراوە.

 ئەو هونەرمەندی ناسراوەی کورد لە وتووێژێکدا لەگەڵ حەوتوونامەی "ژوان" ڕایگەیاندبوو: "لە ماوەی زیاتر لە ٣٠ ساڵ چالاکیی هۆنەریمدا بە شێوەیەکی ڕانەگەیەندراو واتە بەکردەوە قەدەغەی کار کراوم.چەندین جار لە رێگەی یاساییەوە بۆ بەرێوەبردنی کۆنسێرت، هەمایش و سێمیناری هۆنەری چووینەتە پێش؛ بەڵام نەیانانهێشتووە و ڕێگر بوونه.

ئەو هونەرمەندە ناسراوە کوردە، لە ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی، لە بواری هونەریدا، کار و چالاکیی خۆی دەست پێ کردووە و سەرکەوتنی بەرچاویشی لەو بوارەدا، بەدەست هێناوە.

"عەلی عابدی" شاعیر، ئاوازدانەر ،نووسەر، ژەنیار و توێژەری موزیک، ساڵی ١٣٤٨ی ھەتاوی لە شاری سەقز لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. ساڵی ١٣٦٤ی ھەتاوی بە شێعر و شاعیری چالاکیی خۆی دەست پێ کردووە و لە ئەنجومەنی ئەدەبیی شاری سەقز وەکوو شاعیر ئەندام بووە و بواری شێعری درێژە پێداوە.

ناوبراو، تا ئێستا ٤ کتێبی لە بواری ئاهەنگسازی نووسیوە چەندین لێکۆڵینەوەی لە بواری موزیکی کوردی بە ناوەکانی: "بەتەنیا جێم مەهێڵن ، وەرزێک لە ئاوازەکانی عەلی عابدی (٢٠٠٤سلێمانی)" ، "لە دڵمایە، ژیان و بەرهەمی ڕەشید فەیزنژاد (٢٠٠٦ سلێمانی )" ،"ژیلان، گۆرانی بۆ منداڵان(١٣٩١) "، " زایەڵە ، ٣١ گۆرانی بۆ تار، سێتار و سەنتوور ئەنجام داوە.