کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فارسەکان بڕیار لەسەر هونەرمەندانی کورد دەدەن

13:33 - 3 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: هونەرمەندانی کورد بۆ دانانی فێرگەی سازە کوردییەکان دەبێت لە بەرامبەر فارسێکدا تست بدەن و ئیزنی دانانی فێرگەی مووسیقی وەربگرن.

لە یاسای وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ڕێژیمدا هاتووە، کە هونەرمەندانی نەتەوەکانی ئێران لە بەشی مووسیقا بۆ وەرگرتنی ئیزنی دانانی فێرگەی مووسیقا دەبێ بڕۆن بۆ تاران و لەوێ تێستیان لێ وەربگیردرێت و لە لایەن نوێنەری ئەو وەزارەتخانەوە سەلاحییەتیان پەسەند بکرێت.

لەمبارەوە چەندین هونەرمەند لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان میدیایان ڕاگەیاندووە، کە داوای ئیزنی دانانی فێرگەی سازە کوردییەکانیان کردووە و لە لایەن ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی شارەکەیان پێیان وتراوە دەبێ بڕۆن لە تاران یەکەمجار تێستی مووسیقا بدەن پاشان نوێنەری ئەو وەزارەتە ئەگەر پێی باش بێت ئیزنی دانانی فێرگەی مووسیقایان پێدەدات.

بە وتەی ئەو هونەرمەندانە کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، هەرکام لەوان لە سازی دیاریکراویان شاڕەزایی تەواویان هەیە و ژەنیاری سازگەلێکی وەک تەموورە، دەف و کەمانچەن، کە سازگەلێکی کوردین و ڕیشەیان لە مێژوو و کولتوری کوردستان هەیە، بەڵام ئەو هونەرمەندانە ناچار کراون لە بەرامبەر کەسێکی غەیرە کورددا تێست بدەن و ئەو کەسە کە ڕەنگە هیچ شارەزاییەکیشی لە مووسیقا نەبێت بڕیار لەسەر هونەرمەند و سازە کوردییەکان دەدات.

خاڵی جێگەی ئاماژە ئەوەیە کە ئەو هونەرمەندانە، باسیان لەوە کردووە، لێژنەیەک کە وەزارەتی ئیرشاد پێکی هێناوە بۆ وەرگرتنی تێست بریتین لە: نوێنەرێکی ئەو وەزارەتخانەیە، ژەنیارێکی فارس و مەلایەکی ئایینی، کە لە دونیای هونەردا هیچ یەک لەوان ناتوانن لەسەر مووسیقا بە تایبەت موزیکی کوردی بڕیار بدەن.

هەروەها وتوویانە کە ئەو لێژنەیە بە تەواوەتی سەلیقەیی و عەقیدەتی بڕیار دەدات و هەموو جارێک بۆ ژەنیارانی کورد کێشە و گرفت دروست دەکەن و ئەگەر سەلاحییەتی دانانی فێرگەی مووسیقا بە کوردەکان بدەن، ناچاریان دەکەن کە چەندین جار هاتووچووی تاران بکەن و لەو ڕێگەیەدا تێچووی زۆریان دەبێت و هەندێک لە هونەرمەندانی کورد کە توانای ئەو تێچووەیان نییە، واز لە وەرگرتنی ئیزن دەهێنن.

ئەم کردەوانەی ڕێژیمی فاشیستی ئێران لە پێناو لەنێو بردنی مێژوو، کولتور و مووسیقای کوردییە کە لە ئاستی ئێران و ناوچەکە لە بواری هەمەڕەنگی ساز و دەزگاکانی مووسیقایی، بی ڕکابەرە و زۆربەی مووسیقیدانانی کورد، جێگە و پێگەی جیهانیان هەیە.