کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فارووق سۆهرابی: زمان و کولتوور تەواوکەری یەکترین

17:12 - 28 رێبەندان 2718

لە ٧ی نۆوامبری ١٩٩٩ی زایینیدا ڕێکخراوی یونێسکۆ بەمەبەستی پارێزگاری کردن و یارمەتیدان بە مانەوەی جۆراوجۆرییە زمانی و فەرهەنگییەکان، ڕۆژی ٢١ی فێبریەی، کە بەرامبەرە لەگەڵ ٢ و ٣ی ڕەشەمە، وەک ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی ناساند.

دۆخی زمانی کوردی لە ئێستەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چ ئاستێکدایە؟ گرینگی پرسی زمان لە پڕۆسەی نەتەوەسازیدا چییە؟ کۆسپەکانی بەردەم گەشەکردنی زمانی کوردی لە چیدان؟ ئەمانە و چەند پرسیارێکی دیکەمان ئاراستەی هاورێی پێشمەرگە فاڕووق سۆهرابی، پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و چالاکی پێشووی فەرهەنگی کردووە کە لێرەدا دەخرێتە بەر چاو و دیدی ئێوەی خۆشەویست:

١. زمان لە پڕۆسەی نەتەوەسازیدا چ ڕۆڵێکی هەیە؟

نەتەوە بەپێی جاڕنامە جیهانییەکان وا پێناسە کراوە کە کۆمۆن یان کۆمەڵە خەڵکێك بە زمان، کولتوور، جوگرافیا و بەرژەوەندییەکی هاوبەش خاوەن ڕابردوویەک بن، سەیرەکە لێرەدایە زمان وەک یەکەمین جومگەی پرۆسەی پێکهێنانی نەتەوە دیاری کراوە؛ بەدوای ئەودا کلتوور وەک دووهەمین فاکتەری پێکهاتنی یەک نەتەوە دیارە! و دەشزانین کە کولتوور و داب و نەریتی کۆمەڵەخەڵکێك بەبێ زمان مومکین نییە؛ بەدوای زمان و کلتوور کە تەواوکەری یەکترین جومگەی سێهەم و چوارەم بریتین لە جوگرافیا و بەرژەوەندی، کە ئەگەر وردبینەوە دەزانین ئەگەر خەڵکی ناوچەیەکی دیاریکراو نەتوانێت بە زمانێکی یەکگرتوو لە یەکتری تێبگەن چۆن دەتوانن سنوورێکی سروشتی و کۆمەڵایەتی بۆخۆیان دیاری بکەن و بەرژەوەندی یەکتری بپارێزن؛ کەواتە لێرەدا تێدەگەی کە زمانی تایبەتی یەک نەتەوە تەنیا جومگەی یەکەم نییە لە پێکهاتنی یەک نەتەوە لە مێژوودا بەڵکوو چوارچێوە و قاڵبی سەرەکی لەو پرۆسەیە و پێگەیشتن و پێشکەوتنی نەتەوەیەکە. لێرەدا دەمهەوێت ئەوەش زیاد بکەم کە مەبەست لە زمانی هاوبەش: ڕێنووس و ڕێزمان یان خەت و ئەلفوبێ نییە، بەدی کراوە کە نەتەوە هەبوون و ئێستاش هەن کە نووسینیان نییە، مەبەستی من لە زمانی هاوبەش وشەگەلی تایبەت و بێژەکردنیانە، چوون بەوانە لێک تێدەگەین.

٢. هەوڵەکانی داگیرکەرانی کوردستان بۆ سڕینەوەی زمانی کوردی لە ڕابردوو و ئێستادا چۆن دەبینن؟

داگیرکەرانی کوردستان لە هیچ هەوڵێک بۆ خۆسەپاندنیان سڵیان نەکردووە بە تایبەت ئێرانییەکان کە سەرچاوەی هەموو سنووربەزاندنە ئەخلاقی و مرۆڤییەکان بوون و شانازی گەورەیان هەیە کە لە بواری زمانی دایکی و خوێندن و نووسینی گەلانی  ژێردەست، ئەوە هەخامەنێشییەکان بوون کە خوێندن و نوسینیان بۆ یەکەم جار بەرتەسک کردووەتەوە بۆ بنەماڵەی پاشا، دواتر هەمان نەتەوەی زاڵ لەسەردەمی هاتنی ئیسلام بە کەڵکوەرگرتن لە شاعیرانی دەوروبەری حەرەمسەرا لەوانەش فیردەوسی هەموو هەوڵیان گەورەنیشاندان و مەشروعیەت‌بەخشین بە سوڵتان و دەسەڵاتەکەی بە زمانی نەتەوەی خۆیان بووە، هەتا ئەوساڵانەش لە خانەقاکانی کوردستاندا دەبوایە دیوانی فیردەوسی و ئەلفوبێی عەرەبی خوێندرابا. پسپۆرانی بواری مێژووی ڕەوەندی پێگەیشتنی زمان وەک ئالێن‌پاتێن لەو باوەڕەدان کە لە ڕێگەی زمان و ئەدەبی نەتەوەیەک دەتوانین دەلاقەیەک بکەیەنەوە بۆ ڕابردووی کۆمەڵگای ئەو نەتەوەیە، جا لێرەدا با بزانین ئۆستورەی ئێرانییەکان فیرەدوەسی لەوپەڕی پێگەیشتندا دەڵێ چی؟ "زن و اژدها در این خاک بە، جهان پاک ازین دو ناپاک بە"

ناوبراو ژن و ئەژدیهای وەک یەک هەژمار کردووە و دەشڵێ دەبێت دونیا لەوان پاک ببێتەوە؛ ئەو دواکەوتووییە فیکرییە بە جێگەی خۆی، ئەگەر سەیر کەی دوای هەزار ساڵ هەر لەسەر ئەو بڕوایە دەچن؛ ژن و بیرکردنەوەی ژنان و مافەکانیان بە هەڕەشە بۆ سەر خۆیان دەزانن و هەر لە پۆلەکانی خوێندن‌ڕا بگرە هەتا زیندانی وەرامین و لێدان و سوتاندنیان لەم ڕۆژانەدا؛ یان وشەگەلی ئەژدیها، دوژمن، کوشتن هەڕەشە و شمشێر ئێستاش لە ئەدەبیاتی بەرپرسانیان بەدی دەکرێت؛ هەموو دونیا بە دوژمن و ناحەق دادەنێن و بۆخۆشیان بە مەهدی تەمەدوون و شارستانییەت و سێبەری خودا لەسەر زەوی دەزانن، بەڵام لە بەرانبەردا  سەیری زمانی کوردی بکەن بۆ نموونە کە هەڵبەستەکانی مامۆستا هەژار بەوپەڕی ڕێز و حورمەتەوە ژنانی کوردی لەگەڵ وشەگەلی جوانی و خۆشەویستی هێناوە، یان ئەگەر بڕوانین زمانی ئەدەبی سەرکردە کوردەکان، جگە لە ئینسانییەت و مرۆڤدۆستی و ئاشتی هیچی دی ناڵێن؛ یان لەوپەڕی توڕەییدا دەڵێن بەرگری لە خۆمان دەکەین. منداڵی کورد لە ڕۆژهەڵات هەر لە سەرەتای لە دایک بوونییەوە ساواکوژ دەکرێت، سەرەتا ناهێڵن دایک و بابی ناوێکی کوردی بۆ هەڵبژێرن، کە بڕێك گەورەتر بوو دەبێ بە ناچار چاو لە کارتۆنی فارسی بکات، کە چوو بۆ قوتابخانە دەبێ بە زۆری لێدان فێری فارسی بێت، هەر کە کتێبی خوێندنی کردەوە وێنەی خومەینییەک ببینێ کە فەرمانی جیهادی دژی نەتەوەکەی داوە، دواتر ئەگەر موعتاد نەبوو و توانی بچێت بۆ زانکۆ و لەوێ بە تۆمەتی سیاسی و مەزهەبی نەگیراو بەبێ کێشەی دارایی تەواوی کرد، ئەوجا مەدرەکێكی دەدرێتێ کە بە فارسی لەسەری نووسراوە بێکاریت پیرۆز بێت.

٣. کۆماری ئیسلامی بۆچی خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی بە دژایەتی لەگەڵ ئەمنیەتی نیشتمانی خۆی دەزانێ؟

بە پێوەری زانستی یاسا بێت، یاساکانی کۆماری ئیسلامی دوو تەفسیری دژ بەخۆی هەڵدەگرێت یان ئەو زمانەی کە ئێمە قسەی پێدەکەین دەڵێین خوێندن و نووسین دەبێت جێبەجێ بکرێت لە خاکی خۆمان چەکێی ئەوەندە قورس و بەهێزە لە دەست نەتەوەکەمان بۆ بەرگری لە خۆی، یان بناغەی میللەت و ئەمنیەتەکەی ئەوەندە لەرزۆک و ڕووخێنەرە کە قسەکردن و خوێندن و نووسینی منداڵی کورد بە زمانی دایکی خۆیان بە هەڕەشە لەسەر مەوجودیەتی خۆیان دەزانن تەنانەت حەقیشیان نییە. بە قسەی خودی فەرهەنگستانی زمانی فارسی زیاد لە ٣٠ لەسەدی پێكهاتەی زمانی فارسی لە وشە ڕەسەنەکانی زمانی کوردی وەرگیراوە و بەشێکی زۆری دیکەشی لە عەرەبی، ئەگەر مەجال بدرێت کە کورد و باقی نەتەوەکانی دیکەی ئێران بە زمانی دایکی بخوێنن و بنووسن و کەسایەتی نەتەوەیی خۆیان پێ قایم بکەن ئەو دەم نەتەنیا هەیمەنەی ساختەی زمانی فارسی تێکدەشکێت بەڵکوو ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ مسۆگەرکردنی باقی مافە نەتەوایەتییەکانی دیکەیان وەک جوگرافیا و بەرژەوەندی؛ ئەگەر ئاو و خاکی کوردستان و نەوتی عەرەبەکانی ئەهواز و جنوب بە سێحەب بکرێتەوە ئەودەم تەواوی جومگە دەستکردەکانی نەتەوەی فارس ئوتوماتیکوار لەبەر یەک هەڵدەوەشێتەوە.

بەپێی ئەسڵی ١٥ی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی کە بەداخەوە هەندێك جەریانی کاڵفامی کوردزمانی هەڵخەڵەتاوی دڵخۆش بە ڕێفۆرم لەو ڕێژیمەش کردوویانە بە بیانوو و دەڵین لەو مادەیەدا مافی فێربوونی زمانی دایکی گەلانی ئێران دراوە، ئەوەڵەن مەودای نێوان تیۆری یاسا و پراکتیزەکردنی لە کۆماری ئیسلامیدا هەندێکجار دەگاتە ٤٠ ساڵ، پاشانیش گەلی کورد و مەرجەعیەتی مەشروعی نەتەوەی کورد فێربوونی زمانی کوردیان ناوێت، زمانی خۆمان دەزانین ئێمە دەڵێین مافی خوێندن و نووسینی زمانی کوردی لە خاکی خۆمان دەبێت جێبەجێ بکرێت و بخرێتە گەڵاڵەی کەرتی پەروەردە، ئاموزشی زمانی دایکی لەگەڵ ئاموزشی دین بە زمانی دایکی دوو بابەتی زۆر جیاوازن، بەڕای من بەخێرا خۆیان ئیزنی فێرگەیەکی فێرکردنی زمانی دایکی یان واحیدێکی ئیختیاری لە زانکۆ بدەن، نەتەنیا بە قازانجی زمانی کوردی نازانم، بەڵكوو بە پێوەری سەردەمێکانی بواری مافناسی دەچێتە خانەی ئیهانەتی نەتەوەیی بە گەلی کورد.

٤. هۆکارەکانی زیندوومانەوەی زمانی کوردی، پاش ئەو هەموو هەوڵەی ڕێژیم لەمەڕ تواندنەوەی بۆچی دەگێڕیتەوە؟

 پێناسەیەکی مەعقول هەیە کە دەڵێت زمانی دایکی نەتەوەیەک زمانی سروشتی تایبەتی ئەو نەتەوەیە کە جگە لە قسەپێکردنی، پەیوەندی دەروونی و کلتوریشیان بەو زمانەیە، کەواتە تێدەگەین کە ئەوەی زمانی ئێمە لە ڕابردوودا تا ئێستا پاراستوووە یەکەم سروشت یان جوگرافیایەک بووە کە ئێمەی کورد کۆچمان بۆ نەکردووە یان داگیرمان نەکردووە بەڵکوو لە خاکی خۆمان زمانی دایکیمان ڕەوەندی پێگەیشتنی تەواو کردووە، هەروەها هۆکارێکی دیکەی ئەوەی زمانی کوردی تا ئێستا تێکەڵ بوونە بە بەشی مەعنەویی و ئایینی و کلتوری گەلەکەمان، ئێمە لە دەگمەن نەتەوەکانی جیهانین کە ئایینی تایبەت بەزمانی خۆمان هەبووە و ئێستاش ماوە: یارسان، هەروەها لە شۆڕشە نەتەوەییەکانی گەلی کورد دیتراوە کە لە کەمترین دەرفەتەکان وەک یەکەم بابەت کە گرینگی پێدراوە زمانەکەمان بووە؛ لە بەدرخانییەکان‌ڕا بگرە هەتا شۆڕشی شێخ مەحموود و سمکۆ و کۆماری کوردستان و ... بەم پێیە دەتوانین بڵێین بەخۆشییەوە نەتەنیا زمانی کوردی لە قۆناغی تواندنەوە دەربازی بووە بەڵکوو کەوتووەتە سەر رێچکەیەکی درووست بۆ هەرچی زیاتر گەشەکردن و پێشکەوتن، ئەمەش ئەو کاتە زیاتر دەردەکەوێ کە دەبینین ویستێکی جەماوەری باش لە نێو گەلەکەماندا هەیە بۆ زیندووکردنەوەی کلتوورە ڕەسەنەکانمان و زمانی دایکیمان.