کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فاشیزمی ڕوو لە مەرگ

19:19 - 17 گەلاوێژ 2716

کەریم پەرویزی

شۆوێنیزم، ڕەگ و ڕابردوویەکی دوور و درێژی لە کەلتوور و ئەدەبیاتی فارسیدا هەیە. لە سەردەمی ئوستوورە و چیرۆکە کۆنەکانەوە بیگرە تاکوو سەردەمی مێژووی نووسراو و دیار. لەو ئوستوورەدا بەردەوام غەیرە فارس بە دێو و دێوەزمە دەناسرێنەوە و لە مێژووی نووسراویش‌دا هەخامەنشییەکان خۆیان بە خاوەن فەڕ و غەیرە خۆیان بە بەدفەڕ دەناسن و داریووش، گیوماتا دەخاتە ژێر لاقی و کەتیبەی لێ درووست دەکا.

دواتریش لە شانامەی فێردۆسی‌دا، ئەو شۆوێنیزم و مەزنیخوازی و خۆ بە مەزن و جیاواز زانینە دەگاتە لووتکە و سەرتاپای شانامە و بیرۆکەی نووسینی لە لای فێردۆسی، بریتیە لە سووکایەتی بە گەل و نەتەوەکانیتر و غەیرە فارس.

ئەوەی کە لە کۆن و سەردەمی ئوستوورە و مێژووی خوێناویی مرۆڤایەتیدا هەبووە، ڕەگ و ڕابردووی شۆوێنیزم و مەزنیخوازی لە نێو زۆربەی نەتەوەکان و بەتایبەت ئەوانەی لە بیری داگیرکردنی خاکی دەوروبەردا بوون، هەبووە و شتێکی تایبەت بە نەتەوەیەک و یان تایبەت بە فارس نیە.

بەڵام لە چەرخی نزیکدا، و بەتایبەت دوای تاوانەکانی هیتلێر و مووسوولینی و دوای دڕندەییەکانی ڕەزاخان و ئاتاتۆرک، ئیتر شۆوێنیزم و مەزنیخوازی لە لای هەموو نەتەوەکانی جیهان شتێکی بێزراوە و بە هەموو تواناوە ڕەد دەکرێتەوە و لە نێو هەر نەتەوەیەکدا گەر بە تۆزقاڵێک گرووپێکی بچووک سیمایەکی شۆوێنیستی و فاشیستی لە خۆی نیشان بدا، هەموو نەتەوە و خەڵک بە تێکڕا دژی دەوەستنەوە.

ئەوەی جێگەی سەرسووڕمانە ئەوەیە کە لە نێو نەتەوەی فارسدا، هێشتا ڕەگەکانی شۆوێنیستی بەهێزن و هێشتا تێیاندا بەهێزە ئەو فیکرەی کە خۆیان بە سووکایەتی وسووککردنی نەتەوەکان و خەڵکی دیکە پێناسە دەکەن. بیرۆکەی ڕزیو و کۆنەپەرستانەی وەهایان تێدا هەیە کە دەڵێ منی ئێرانی(مەبەستی فارسە) ئەو خەڵکەم کە وەکوو تورک و کورد و عەرەب و بەلووچ و لوڕ و گیلەکی و ... دواکەوتوو نیم!

بەتایبەت کە ئێستا دەنگی ناڕەزایی خەڵکی غەیرە فارس لە ئێراندا بەرز بۆتەوە و نەتەوەکانی کورد و تورک و بەلووچ و عەرەب و لوڕ و ... خەباتەکەیان پرهێزتر و تۆکمەتر بۆتەوە، سووکایەتیی شۆوێنیستی ڕیشەدار، توندتر و بێشەرمانەتر دەبێتەوە.

هەر ڕۆژە و لە گۆشەیەکەوە لەوپەڕی ناتوانیی فیکریدا، سووکایەتی بە گەل و نەتەوەیەک لە ئێراندا دەکەن و ئەمە نیشاندەری داماویی فاشیزمە کە لە پەلەقاژەی ڕووخانی وەهمەکانی‌دا، پەلاماری دەوروبەر دەدا.

ئەڵبەت هەموو فارسێک و تەواوی نەتەوەی فارس وا نین و ناتوانین ئەو تاوانە بکەین کە هەموو نەتەوەیەک بە فاشیست ناو ببەین، بەڵام ئەرکی ئازادیخوازانی فارسە کە پێش لە هەموو کەس ئەو فاشیزمە مەحکووم بکەن، هەر وەک چۆن، لە ئاڵماندا پێش لە هەموو کەس ئاڵمانییەکان سەرهەڵدانەوەی گرووپی نازیستی مەحکووم دەکەن.