کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فاشیزیمی فارس لە ئابووریشدا خۆی دەرخست

11:46 - 31 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لە دوای گەڵاڵەی لابردنی سیفر لە دراوی ئێران، "پارسە"یان کردە پارەی خوردی ئێران.

"حەسەن ڕووحانی" سەرکۆماری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لایحەی لابردنی چوار سیفری لە پارەی ئێران و گۆڕینی یەکەی ئەو پارەیەی بۆ تێپەڕاندنی قۆناغە یاساییەکان ڕادەستی مەجلیسی ڕێژیم کرد.

بەپێی ئەو لایحەیە هەر تمەنێک دەبێتە ١٠ هەزار ڕیاڵی ئێستا و ١٠٠ ڕیاڵی "پارسە"یە.

بەپێی ئەو لایحەیە "پارسە" دەبێتە یەکەی پارەی خوردی ئێران.

 مشتومڕییەکانی نێوان کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران بۆ لابردنی چوار سیفر لە پارەی ئێران، درێژەی هەیە و بیروڕای جیاوازیان لەسەر ئەو بڕیارە هەیە.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی بەرنامە و بودجەی ڕێژیم وتوویەتی: "لابردنی چوار سیفر لە پارەی ئێران ژیانی خەڵک ئاسانتر دەکاتەوە".

پاش دووبارەکردنەوەی گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و هەڵاوسانی ئابووریی ئەم وڵاتە و دابەزینی نرخی دراوی ئێرانی، بابەتی چاکسازیی دراوی ئێرانی، بۆ جارێکی تر بوو بە ڕۆژەڤی ئابووریی ڕێژیم.

 کێشەی ئابووری و داڕمانی ئابووریی ڕێژیم بەهۆی گەمارۆوە ئابوورییەکان، سیستمی ئابووریی ئەو وڵاتەی تووشی شەلەل کردووە.

"پارسه" کە وەک یەکەی پارەی خوردی ئێران دانراوە، دەرخەری شوڤینیست بوونی ڕێژیمی ئێرانە کە لە هەوڵی ئەوەدایە بیر و ئیدئۆلۆژیی نەتەوەی فارس بەسەر باقیی نەتەوە غەیرە فارسەکاندا زاڵ بکات.

ئەو هەوڵەی سەرانی ڕێژیمی ئێران، نکۆڵییە لە بوونی نەتەوەکانی دیکەی ئێران و سڕینەوەی شوناسی ئەوان.