کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فرۆشتنی ئامرازەکانی شەڕ، زیادی کردووە

12:26 - 20 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: دامەزراوەی نێونەتەوەیی لێکۆڵینەوەکانی ئاشتیی ستۆکهۆڵم، باسی لە زۆربوونەوەی رێژەی فرۆشی ئامرازەکانی شەڕ لە جیهاندا کردووە؛ لەمبارەوە بەرهەمهێنەرانی ڕووسیە، ٩/٥ لەسەدی بازاڕەکانیان بەدەستەوەیە.

بە وتەی دامەزراوەی سیپری، فرۆشتنی ئامرازەکانی شەڕ لە جیهاندا، ئەمساڵ بۆ سێهەمین ساڵی یەک لە دوای یەک زیادی کردووە.

ئەم دامەزراوەیە، هۆکاری سەرەکیی ئەم زۆربوونەوەیە، بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەرتش و پێداویستییەکانی بەرگری لە هەندێ وڵاتدا دەگەڕینێتەوە، بەڵام هۆکارێکی دیکەشی زۆربوونەوەی دەرگیری و ناکۆکیی نێوان هەندێ لە وڵاتانی دنیایە کە لە ئاکامی ئەوەدا، پێویستیی به ئامرازەکانی شەڕیش زیاد دەکات.

دامەزراوەی سیپری ڕاپۆرتێکی سەبارەت به بەرهەمهێنان و فرۆشی ئامرازەکانی شەڕ لە ١٠٠ کۆمپانیای بەرهەمهێناندا بڵاو کردووەتەوە؛ بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ئەم کۆمپانیایانە لە ساڵی ٢٠١٨دا ئامرازگەلێکیان فرۆشتووە کە نرخەکەیان دەگاتە ٣٥٠ میلیارد یۆرۆ کە ئەمە بەبەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو، ٢ و نیو لەسەد زیادی کردووە.

بەرهەمهێنەرانی ڕووسیە ئێستاکە ٩/٥ لەسەد و ئاڵمانیش ١/٢ لەسەدی بازاڕی فرۆشیان بە دەستەوەیە، بریتانیاش به ٧ کۆمپانیای بەرهەمهێنانەوە گەورەترین فرۆشیاری ئورووپایی ئامرازەکانی شەڕە.

زۆربوونەوەی ڕێژەی فرۆشی ئامرازەکانی شەڕ لە جیهاندا، دەتوانێ ئاماژەیەک بێت بۆ زۆربوونەوەی کێشە و ململانێی نێوان وڵاتانی دنیا و بە تایبەت وڵاتە زلهێزەکان کە تەنیا ماڵوێرانی و لەناوچوونی خەڵکی بیدەسەڵاتی بەدواوە دەبێت.