کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فڕۆکەخانەی بەیرووت، سووتەمەنی بە فڕۆکە ئێرانییەکان نادات

10:34 - 20 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: وەزیری گواستنەوەی لوبنان، باس لە قەدەغەکردنی گەیاندنی سووتەمەنی بە فڕۆکە ئێرانییەکان دەکات؛ بە وتەی ئەم وەزیرە لوبنانییە هیچ کام لە کۆمپانییا نەوتییەکان، ئیزنی دابینکردنی سووتەمەنی فڕۆکە ئێرانییەکانیان نییه.

ڕۆژی هەینی، ١٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ی هەتاوی، "یووسف فینیانوس"، وەزیری گواستنەوەی لوبنان، باسی لەوە کرد کە هیچ کام لە کۆمپانییە نەوتییەکانی دابینکەری سووتەمەنی، ئیزنی ئەوەیان نییە کە سووتەمەنی بە فڕۆکە ئێرانییەکان بدەن.

بڕیاری ڕاگرتنی گەیاندنی سووتەمەنی بۆ فڕۆکە ئێرانییەکان دوابەدوای دەسپێکردنی خولی دووهەمی گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران لە ٥ی نوامبر و زیادبوونەوەی کاریگەری گەمارۆکانی ئەو وڵاتە بۆ سەر ئێران هاتووەتە ئاراوە کە گەیاندنی سووتەمەنی بەو فڕۆکانەی  قەدەغە کردووە.

وەزیری گواستنەوەی لوبنان لەمبارەوە وتوویەتی: هیچ هۆشدارییەک سەبارەت بە پێشگرتن لە بوونی فڕۆکە ئێرانییەکان لە نێو فڕۆکەخانەکانی لوبنانیان پێ نەدراوە و ئەم هۆشدارییە تەنیا سەبارەت بە گەیاندنی سووتەمەنی بووە.

لە حەوتووی ڕابردووشدا، کۆمپانیاکانی گەیاندنی سووتەمەنی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئێستانبۆڵی تورکیه، لە گەیاندنی سووتەمەنی بە فڕۆکەکانی هێڵی ئاسمانیی ئێرانی خۆیان بوارد.

ئێران بە سەرچاوەی ناسەقامگیری و ئاژاوە لە ناوچەکەدا دێتە ئەژمار و هەندێک لە کۆمپانیا ئێرانییەکان وەکوو ماهان، بەوە تۆمەتبارن کە لە ڕێگەی فڕۆکەکانیانەوە، چەکوچۆڵ، مووشەک و کەرەستەی نیزامی بۆ هەندێ لە وڵاتانی دیکە وەکوو لوبنان، سووریە و یەمەن دەگوازنەوە.