کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فڕۆکەکانی ئێران له بەغدا سووتەمەنییان پێ نادرێت

11:46 - 2 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا و پێڕەویی هەندێک وڵات لە گەمارۆکانی دژی ڕێژیمی ئێران، تەنگی بە ئابووریی ئێران هەڵچنیوە.

"محەممەدڕەزا ڕەزایی کووچی"، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاوەدانیی مەجلیسی ڕێژیم وتوویەتی: "لێخۆشبوونی شیرکەتی ئێی.تی.ئار لە گەمارۆوە ئابوورییەکان بۆ ئێمە شتێکی تایبەتی و نوێ نییە، ئەوان شیرکەتی زۆر گرینیگیان تەحریم کرد کە ئێستا ناتوانین لە عێراق سووتەمەنی بۆ فڕۆکە دابین بکەین".

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم وتوویەتی: "هاوکاریی ئورووپاییەکان زۆر کاریگەر نییە، چونکە شیرکەتە گرینگەکان تەحریم کراون و هیچ ئیمکاناتێک بۆ ئێمە جێبەجێ ناکرێت".

بەپێی گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا، فرۆشتنی ئەو فڕۆکانەی کە پتر لە ١٠ لەسەدی کەلوپەلەکانی ئامریکایی بێت، هەناردەکردنی بۆ ئێران قەدەغەیە.

لە دوای بەرجام، ١٦ فڕۆکەی ئەیرباس و ئێی.تی.ئار ڕادەستی ئێران کرا، بەڵام دوای چوونەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام و پەسندکردنی گەمارۆی نوی دژی ئێران ئەو ڕەوتە ڕاوەستا.

پێشتریش وەزیری وزەی تورکیە ڕایگەیاندبوو کە وڵاتەکەی لە پەیوەندی لەگەڵ گەمارۆوە نەوتییەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران چاوپۆشیی لێ کراوە، بەڵام بەوەشەوە لە بەرەبەری خولی دووهەمی گەمارۆکان، سووتەمەنی بە فڕۆکەکانی ئێران نادات.

ئامریکا سەرجەم هێڵە هەواییەکانی ئێرانی تەحریم کردووە.

شیرکەتەکانی وەک "هۆما، ماهان، کاسپیەن، پوویا، مێعراج و قێشم ئەیر"، بەهۆی ئەوەیکە چەکوچۆڵ بۆ سووریە دەگوازنەوە، تەحریم کراون.