کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فیلمی رەش و سپی خەڵاتی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی \"فرێسکۆ\"ی ئەرمەنستانی بەدەست هێنا

15:20 - 23 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: کورتە فیلمی رەش و سپی لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد جەلال ساعیدپەنا خەڵاتی باشترین فیلمی یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فرێسکۆی ئەرمەنیستانی بەدەست هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کوردستان میدیا، کورتە فیلمی چیرۆکی رەش و سپی (Black and white)\'\'دوایین بەرهەمی سینەماکاری کورد جەلال ساعیدپەنا و لە بەرهەمهێنانی بەشی سینەمای دهۆک لە هەرێمی کوردستان، لە نوێترین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا بە ئامادەبوونی ئەم فیلمسازە کوردە لە بەشی پێشبڕکێی یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمە مانایی‌یەکانی فرێسکۆ FRESCO لە وڵاتی ئەرمەنستان نمایش کرا و توانیی خەڵاتی باشترین فیلم و تەندیسی ئەم فیستیڤاڵە بە ناونیشانی باشترین پەیامی ئۆقرە و خۆڕاگریی لە نێوان ٢٠ فیلم لە وشکاڕۆکانی ئورووپا، ئاسیا و ئەمەریکا بەدەست بێنێت.

رەش و سپی بۆ بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە گرینگە، لەگەڵ فیلم گەلێک لە وڵاتانی فەڕانسە، رووسیە، ئەمریکا، ئاڵمان، ئیتاڵیا، ئەرمەنستان، ئەندۆنیزی و چەندین وڵاتی دیکە لە ڕکابەریدا بوو.

تەندیسی ئەم فیستیڤاڵە مانایی‌یە لە راستیدا دەستکردی منداڵانی کەمەندام و هەتیو و بێ سەرپەرەستیی ئەرمەنستانییەوە و بە دەرهێنەری حەوت فیلمی هەڵبژاردە لە حەوت بەشی جیاوازدا بە ناونیشانی باشترین پەیامی فیلم دەبەخشرێت.

ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمە مانایی‌یەکانی فرێسکۆ کە بریتی بوون لە: کاتیا مالاتێستا ـ مامۆستای زانکۆ و بەڕێوەبەری هونەری، ئانتوان ئاگۆدجان ـ فۆتۆگرافەر، ئارمێن خاچاتۆریان ـ دەرهێنەری ناوداری ئەرمەنستانی، گۆران رادوانۆویچ ـ نووسەر، دەرهێنەر و بەرهەمهێنەر، ئارام سۆکایسیان ـ دەرهێنەر و سیناریۆنووس و جان گۆتا ـ قەشەی کەنیسە و مێژوونووس، خەڵاتەکانی ئەم فیستیڤاڵەیان لە حەوت بەشی باشترین فیلمدا بە ناونیشانی: باشترین پەیامی عەشق، باشترین پەیامی ئاشتی، باشترین پەیامی ئازایەتی، باشترین پەیامی وتووێژ، باشترین پەیامی ئۆقرە، باشترین پەیامی مرۆڤایەتی و باشترین پەیامی پێداویستیی زیان لێکەوتووەکان بە دەرهێنەرە سەرکەوتووەکان بەخشی.

8903.jpg
جەلال ساعیدپەنا سینەماکاری کورد


ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵە سەبارەت بە کورتە فیلمی کوردی رەش و سپی رایانگەیاند کە: ئۆقرە، شێنەیی و عەشق بۆ درێژەپێدان بە ژیان لەم فیلمەدا شەپۆلە دەدات و هەروەها کۆتایی‌یەکی شیرین و شاد، لە نێوان رەش و سپی لەم فیلمەدا دەبیندرێت کە گێڕانەوەی ئەم خاڵەیە کە عەشق، رەش و سپی ناناسێت.

فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی فرێسکۆ لە دوو بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی بە نمایشی ٢١ کورتە فیلم لە فیلمسازانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان و هەروەها بەرپاکردنی چەندین کارگەی فیرکاریی پسپۆڕانەی هونەری سینەما لە شاری ئیریڤان پایتەختی ئەرمەنستان بەڕێوەچوو.

کورتە فیلمی رەش و سپی کەلە لایەن کۆمپانیای سینەمایی ستاک فیلمی سنە بە بەرپرسیارییەتی سەتار چەمەنی گوڵ و خاتوو ڤیدا ساڵحی لە ئاستی دونیادا بە شێوەی نێودەوڵەتیی بڵاو دەکرێتەوە، لە یەکەمین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا بە ئامادەبوونی جەلال ساعیدپەنا لە بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلمەکانی دووەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆک لە شاری دهۆک لە هەرێمی کوردستان نمایش کرا و لەلایەن ئەنستیتۆی گۆتەی ئەڵمانی خەڵاتی باشترین کورتە فیلمی ئەم فیستیڤاڵە بە دەرهێنەری کوردی ئەم فیلمە چیرۆکییە بەخشرا.

ئەم فیلمە لە درێژەی بەشدارییە نێودەڵەتییەکانی خۆیدا، لە فیستیڤاڵی جۆراوجۆر لە دونیادا، لەوانە: لە بەشی پێشبڕکێی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی یەک وڵات، یەک فیلم لە وڵاتی فەڕانسە، لە بەشی پێشبڕکێی شەقامەکانی بیست و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی میدیاوەیڤ لە وڵاتی مەجارستان، لە بەشی پێشبڕکێی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کورتە فیلمی هیندستان ISFFI و هەروەها لە حەڤدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی زەنگبار لە وڵاتی تانزانیا نمایش کرا و توانیی خەڵاتی باشترین وێنەگرتن لە بەشی پێشبڕکێی شەشەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی جەیپوور لە وڵاتی هیندستان بەدەست بێنێت.