کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فێستیڤاڵی نێو نەتەوەیی شانۆی سەر شەقام لە شاری مەریوان کۆتایی پێهات

17:04 - 6 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: فێستیڤاڵی نێو نەتەوەیی شانۆی سەر شەقام لە شاری مەریوان، بە بەشداریی داوەرەکانی فیستیڤاڵ، گرووپە شانۆکارەکان، هونەرمەندانی کورد، ئێرانی ، بیانی،  کەسایەتییە ناودارەکان و خەڵک کۆتایی پێهات.

ڕۆژی سێشەممە پێنجی خەرمانان مەڕاسمی کۆتایی فێستیڤاڵی نێو نەتەوەیی شانۆی سەر شەقام لە شاری مەریوان، پایتەختی شانۆی سەر شەقامی ئێران کاژێر ۸:۳۰ ئێوارە لە هۆلی "نیشات" بە بەشداریی داوەرەکانی فیستیڤاڵ، گرووپە شانۆکارەکان، هونەرمەندانی کورد، ئێرانی، بیانی، کەسایەتییە ناودارەکان و خەڵک بەڕێوە چوو.

لە چوار ڕۆژی بە ڕێوە چوونی ئەم فێستیڤاڵە ۸۵ بەرهەم بەم چەشنە پێشکەش کران :

ڕۆژی یەکەم ۱۴ شانۆ

ڕۆژی دووەم ۳۲ شانۆ

ڕۆژی سێیەم ۳۱ شانۆ

ڕۆژی چوارەم ۸ شانه

مەڕاسمی کۆتایی فێستیڤاڵەکە بەم چەشنە بەڕێوە چوو

لەم مەڕاسمەدا چەندین وتار پێشکەش کرا و ڕێز لە هونەرمەندە گەورە و ناودارەکان گیرا.

هەروەها چەند پارچە مۆسیقایەک پێشکەش کرا و خەڵاتەکان بە سەر بەشە جۆراوجۆرەکاندا دابەش کران کە بریتی بوون لە:

بەشی نێونەتەوەیی :

بە دەنگی داوەرەکان لە بەشی مۆسیقای بەشی نێونەتەوەییدا "دەیوید پریوێریان" بە شانۆی (مایم تئاتر- وای وای) لە ئەرمەنستانەوە هەڵبژێردرا.

له به‌شی گەڵاڵەڕێژیی شانۆ ، لە "ئەلێکساندر ئێس ویت لیاخۆف" بە شانۆی (ڕژە) لە وڵاتی ئوکراین، ڕێزی لێگیرا و یاسر میر حەمیدی بە شانۆی (خون عروسک) لە ئێران هەڵبژێردرا.

لە بەشی ئەکتەری ژندا "ئاناهیتا نیووگیان" بە شانۆی (ڕژە) لە ئوکراین ڕێزی  لێگیرا و "نەسرین بابایی" بە شانۆی (خون عروسک) هەڵبژێردرا.

لە بەشی ئەکتەری پیاودا "ئەمیر موحەممەد ئێنسافی" بە شانۆی ( ایستگاە) لە ئێرانەوە ڕێزی لێگیرا و "هایک ئێسرائیلیان" بە شانۆی (مایم تئاتر-وای وای) هەڵبژێردرا.

لە بەشی دیزاین و بیرۆکەدا "هایک ئیسرائیلیان" بە شانۆی ( مایم تئاتر- وای وای)  لە ئەرمەنستانەوە و "موختار موحەممەدی" و "ئاسۆ ئەکرەم" ئەحمەد بە شانۆی( کاژیر ۹) لە هاوبەشی ئێران و عێراقەوە هەڵبژێردران.

لە بەشی هەڵبژێردراوی فیستیڤاڵەکاندا ڕێز گیرا لە گرووپی شانۆی دەستکاری، "مێهدی زییاییان پوور" لە تارانەوە هەڵبژێردرا و تەندیس و دیپلۆمی شانازیی بەخشرا بە شانۆی (این کجا و آن کجا)ی "پژمان شاهوێرد"ی لە برووجێردەوە.

لە بەشی جۆرەکانی تری بەڕێوەبەری نیما ئیمانزادە لە سنەوە بە شانۆی (بریدگی) هەڵبژێردرا.

بەشی منداڵان:

"نەسرین شاهوێردی" لە برووجێردەوە بە شانۆی ( شکست غول بیکاری) بوو بە هەڵبژێردراوی بەشی منداڵان.

بەشی ئایینی نەریتی:

لەوحی ڕێزلێنان و تەندیسی فێستیڤاڵ لەم بەشەدا بەخشرا بە "کەریم خاوەری" و "نامێق خودایار" لە مەریوانەوە.

تەندیس و دیپلۆمی شانازی لە بەشی دەرهێنەریدا بەخشرا بە "عەلیڕەزا ئیسماعیلی" لە سەقزەوە.

خەڵاتی بەشی گەڵاڵەڕێژیی فەزا و سێن بە شێوەی هاوبەش بەخشرا بە "ئارەزوو عەلیپوور" و "ئەمین ئەمینی" بۆ شانۆی (شال برون) لە لاهیجانەوە.

بە دەنگی داوەرەکانی فیستیڤاڵ خەڵاتی بەشی مۆسیقا بەخشرا بە گرووپی مۆسیقای "باسلەک" لە بەندەر خەمیری هورموزگانەوە.

بەشی ئازاد:

خەڵاتی بەشی مۆسیقا بەخشرا بە "عەلی حاتەمی" و "ئارش مەعرووفی" و "هۆزان کەریمی" لە مەریوانەوە.

داوەرەکان لە بەشی گەڵاڵەڕێژیی فەزا و سێن و جلووبەرگ ڕێزیان لە "مێهران مەکاری" و "هەژین عەبدوڵڵا زاده" گرت.

 هەروەها "سۆران حسەینی" بە شانۆی (سانتی متر) لە مەریوانەوە هەڵبژێردرا.

بەشی دیزاین و بیرۆکە:

 خەڵاتی ئەم بەشە بەخشرا بە "محەمەدڕەزا جەعفەری" و "میلاد حەسەنزادە" بۆ شانۆی (محورهای مورد تاکید ) و هەروەها "بێهنام کاوە" بۆ بەشی بیرۆکەی شانۆی (یک بال بە خدا نامە نوشت).

هەڵبژێردراوی تەرح و بیرۆکە و تەندیسی و دیپلۆمی شانازی بەخشرا بە "سۆران حسەینی" بۆ شانۆی (سانتی متر) لە مەریوانەوە.

لە بەشی ئەکتەری ژندا داوەرەکان ڕێزیان لە "ساغەر کەیخوسرەوی" بۆ شانۆی ( گل پری) و "مەهسا ئەفسەحی" بو شانۆی( بی پیش بی اجازە) گرت و هەڵبژێردراوی ئەکتەری ژن لە بەشی کێبڕکێدا بە "ئێلاهە پوورجەمشیدی".

ڕێز گیرا لە ئەکتەری پیاو بە شێوەی هاوبەش، "هادی عەتایی" ئەکتەری شانۆی ( هادی و هۆدا) و "ئەمیر کەفشدار" ئەکتەری شانۆی ( محورهای مورد تاکید).

هەروەها "مەیسەم سەرئابادانی" و "موختار کەرەمی" لە مەریوانەوە بە شێوەی هاوبەش بوونە هەڵبژێردراوی ئەکتەری پیاو .

بەشی دەرهێنەر:

دەرهێنەری شانۆی (گل پری و محورهای مورد تاکید) "میلاد حەسەنزادە" ڕێزی لێ گیرا و "ئەفشین خدری" دەرهێنەری شانۆی( زنی اینجا نماندە) هەڵبژێردراوی ئەم بەشەی فیستیڤاڵەکە بوو.

لە کۆتاییدا سێ شانۆی : (سانتی متر) لە مەریوانەوە بە دەرهێنەری "سۆران حسەینی"، (بی پیش بی اجازە)  لە پارێزگای مەرکەزییەوە و (محورهای مورد تاکید ) لە لاهیجانەوە بو پێشکەشکردنی گشتی بە ناوەندی هونەرە نمایشییەکانی وەزارەتی فەرهەنگ و ئێرشاد ناسینران.

"مێهرداد ڕایانی مەخسووس"، "شەهرام زەڕگەر" و "مەهلەقا باقری" داوەرەکانی سێ بەشی نێونەتەوەیی ، جۆرەکانی تری بەڕێوەبەری و هەڵبژێردراوی فیستیڤاڵەکان بوون.

"مەجید ئەمرایی"، "مەجید ساڵحی" و "ئەمیر حسێن" شەفێعی داوەرەکانی سێ بەشی : "ئازاد"، "ئایینی" "نەریتی و منداڵان" بوون.

بۆ بەشداریکردن لە بینینی ئەم مەڕاسمەدا خەڵکانێکی زۆر لە پشتی دەرگای هۆڵەکەوە چاوەڕێ بوون کە بچنە ژوورەوە بەڵام جێگای پێویست بۆ دانیشتن نەبوو زۆریک لە خەڵک شوێنەکەیان بەجێهێشت و ڕۆشتنەوە.

مەریوان چەندین ساڵە پایتەختی شانۆی سەر شەقامی ئێرانە بەڵام بە پێی پێویست بوجە و شوێنی تایبەت بۆ ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە دابین نەکراوە .