کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فێڵێکی دیکە ڕێژیم بۆ دەورلێدانی گەمارۆوەکانی ئامریکا

11:38 - 8 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی بەرەنگاریی لەگەڵ گەمارۆوەکانی ئامریکا، دەیەوێت فرۆشتنی نەوتی خاو، لە بورسی وزەی ئێران دەست پێ بکات.

وەزارەتی نەوتی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ٦ی خەزەڵوەر، رایگەیاندووە، بە مەبەستی بەرەنگاریی لەگەڵ گەمارۆوەکانی داهاتووی ئامریکا، لە ڕێکەوتی ١٣ی خەزەڵوەر، یەکەمین باری نەوتیی لە بورسی وزە و کەڵکوەرگرتن لە دەفرایەتیی کەرتی تایبەت جێبەجێ دەکرێت.

سەرەڕای ئەوەی کە وەزارەتی نەوتی ئێران ڕایگەیاندبوو، کە یەک میلیۆن بەرمیل نەوت، بە نرخی ٧٩ دۆلار و ١٥ سێنت ئامادە فرۆش دەکات، بەڵام هەتا کۆتایییەکانی ڕۆژی یەکشەممە ٦ خەزڵوەر تەنیا ٢٨٠ هەزار بەرمیل بە نرخی ٧٤ دۆلار و ٨٥ سێنت لە بازاڕ فرۆشراوە.

سەید عەلی حوسێنی، بەرپرسی گشتیی بورسی وزە، لەم بارەوە ڕایگەیاندووە، کە ناوی کڕیار لە بورسدا بە نهێنی دەمێنێتەوە و ئاشکراکردنی ئەم ناوانە بە تاوان لە قەڵەم دەدرێت.

شوێنی مامەڵە نەوتییەکان، کۆمپانیای بورسی وزەی ئێرانە، کە لە ساڵی ١٣٩١ی هەتاوییەوە وەکوو چوارەمین بورسی ڕێژیمی ئێران دێتە ئەژمار و شێوازی کارکردنی وەکوو کاری بورسی شتومەکە.

داواکارانی نەوتی ئێران، دەتوانن لە شاری خارک، لە ٧ی سەرماوەز هەتا ٧ی بەفرانبار بارەکانی خۆیان وەر بگرن و جگە لە ئیسرائیل بۆ هەر وڵاتێک پێیان خۆشە هەناردەی بکەن.

ئەم ڕێوشوێنە فێڵێکی دیکە ڕێژیمە بۆ دەورلێدانی گەمارۆوەکانی ئامریکا، بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت ئەوەیە کە ڕێژیم هیچ چارەیەکی دیکە جگە لە ملکەجی و خۆ وەدەستەوەدانی بۆ نەماوە، یان دەبێت لە بەرانبەر داخوازییەکانی خەڵکی ئێران و ئامریکا چۆک دابدات، یان ئەوەی خۆی بۆ هەرەسهێنان و ڕووخان ئامادە بکات.