کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرانسە هۆشداری بە هاووڵاتییانی خۆی دا

11:12 - 26 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: وەزارەتی دەرەوەی فەرانسە داوای لە هەموو هاووڵاتییانی خۆی کردووە کە ئەگەر بە نیازن بۆ ئێران سەفەر بکەن، بەرنامەی سەفەری خۆیان هەڵبوەشێنەوە و کاتێکی دیکەی بۆ دیاری بکەن.

دەزگای دیپلۆماسی فەرانسە هۆشداری بە هاووڵاتییانی خۆی داوە سەفەری ئێران نەکەن چونکە لە ئێستادا سەفر کردن بۆ ئەو وڵاتە مەترسیدارە.

وەزارەتی دەروەی فەرانسە، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٥ی ڕەزبەر، لە بەیانییەکدا نووسیویەتی: ''بە هۆی دەسبسەرکردنە خۆسەرەکان لە لایەن هێزە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێران، سەفەرکردن بۆ ئەم وڵاتە مەترسیدارە''.

هەروەها لەم بەیانییەدا هاتووە: ''هەڵسەنگاندنەکان دەرخەری ئەوە ئەم هێزانە دەست لە کاروباری خەڵک وەردەدەن و لەم ڕاستایەدا کەسانێک کە لەگەڵ خەڵکی وڵاتانی دەروەرە لە پەیوەندی دان و بە تایبەت ئەو کۆڕانەی کە لە زانکۆکان بەڕێوە دەچن، لەژێر چاوەدێری ورد دان''.

ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤ بە ئاماژە کردن بە حاڵەتگەڵێکی زۆر، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان بەوە تۆمەتبار کردووە کە بۆ گەیشتن بە  داواکارییەکانی خۆی لە بارمتەگیری کەڵک وەردەگەێت.

نموونەی بەرچاوی ئەمە دەسبەسەرکردنی ژن و مێردێکی ئوسترالیایی بوون کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کران و دواتر لە بەرامبەر کەسێکی خۆیان کە لە وڵاتی ئوسترالیا دەسبەر کرابوو؛ مامەڵەیان پێکرا.