کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرشچنەکانی کوردستان تا ئێستاش بێگارییان پێدەکرێت

12:52 - 27 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: فەرشی خۆماڵی شارەکانی سنە و بیجاڕ بە هەبوونی ٤٠٠ ساڵ پێشینەوە، بەشێوەیەکی بەردەوام لەلایەن بەرپرسانەوە پشتگوێ دەخرێن.

فەرشی دەستباف بە بەنرخترین پیشە دەستییەکانی پارێزگای سنە بە هەژماردێت کە ناوبانگێكی جیهانییان هەیە، بەتایبەتی شاری سنە و بیجاڕ لەم پارێزگایە کە شێوازی تایبەت بە خۆیان هەیە.

بەهرام ئیحترامی، بەڕێوبەری گشتی کۆمپانیای فەرشی پارێزگای سنە، بە ئاماژەدان بە چالاکی ٨٠ هەزار فەرشچن لەم پارێزگایەدا کە ساڵانە بە شێوەیەکی نێونجی ١٦٠هەزار تەختەفەرش بەرهەم دەهێنن، وتی: "دەستڕەنجی فەرشچنەکان بە شێوەی قیستی پێیان دەدرێت کە لەم نێوانەدا تەنیا ١٤ هەزار و ٥٠٠ فەرشچن بیمەی کۆمەڵایەتییان هەیە.

فەرشچنی بە یەکێك لەو کارانە بە هەژمار دێت کە داهاتێكی کەمی هەیە، ئەم پیشەیە لە پشتیوانی بەرپرس و دەسەڵاتداران بێىەرییە و لەلایەکی دیکەوە گەرەنتییەک بۆ کڕینی فەرشە چنراوەکان نییە، فەرشچنەکان سەرەڕای ئەوەیکە کڕیارەکانی خۆیان لە ناوخۆدا لەدەست داوە، گلەییان لە دابەزینی بەرچاوی هەناردەکردنی فەرشەکانیشیان هەیە.

لەلایەکی دیکەوە، زۆرتر فەرشە چنراوەکان لەژێر ناوی فەرشی زەنجانی نمایش دەکرێن، کارفەرماکان بە نەدانی نەخشەی تەواوی فەرشەکان وجێخاڵی دانانی ڕەنجی کۆتایی، لە کارێکی پاوانخوازانەدا بەرهەمی زەحمەت و پیاوانی کورد بە ناوی فەرشی تورکی و بە سوودی خۆیان تەواوی دەکەن و ناو و پێگەی فەرشی کورد خەوشدار دەکەن.

بەرهەمهێنانی فراوانی فەرشی ماشینی، پشتگوێخستنی بەرپرسان، ڕەدکردنەوەی سەڵاحیەتی فەرشچنەکان، کەڵکاژۆی هەندێك لە کارفەرماکان، بێگاری کێشانەوە لە کرێکاران و فەرشچنەکان، نەبوونی مافی بیمە، نەبوونی وام و ئاسانکاری تایبەت بە فەرشچنی، دابەزینی هەناردەکردنی فەرش و ناخۆجێی بوونی ژمارەیەکی زۆری بازرگانانی فەرش لەو هۆکارانەن کە فەرشچنەکان بە شێوەیەکی بەردەوام لەگەڵی بەرەوڕوون.