کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندە حەسەن سەرسپی بە خاک ئەسپێردرا

13:55 - 23 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێوڕەسمی پڕشكۆی بەخاكسپاردنی فەرماندە حەسەن سەرسپی، بە بەشداریی ڕێبەرایەتی، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو.

ڕۆژی پێنجشەممەو ١٩ی بانەمەڕی ١٣٩٨ی هەتاوی، بە بەشداریی مەلا "حەسەن شیوەسەڵی" ئەندامی ئیفتیخاریی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە سوئید، هەروەها ژمارەیەكی بەرچاو لە كەسایەتی، نوێنەری حیزب، لایەنە سیاسی و فەرهەنگییەکان، ڕێوڕەسمی بەخاكسپاردنی فەرماندەی قارەمان (حەسەن زارعی) ناسراو بە "مام حەسەن سەرسپی" لە سوئید بەڕێوە چوو.

لەو ڕێوڕەسمەدا كە لە گۆڕستانی گشتیی شاری ئیسكیلستۆنا بەڕێوە چوو، کۆمەڵێکی بەرچاو لە کوردانی دانیشتووی سوئید، فینلاند، نۆروێژ، دۆستان و هاوسەنگەرانی فەرماندە مام حەسەن، ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران وێڕای بنەماڵە و كەسوكاری كۆچكردوو بەشدار بوون.

سەرەتاى ڕێوڕەسمەکە، کاتژمێر ١١و ٣٠ خولەکی سەرلەبەیانی، بەشداربووان لە هۆڵی گشتیی "کلیسا"ی گۆڕستان بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان، ئارمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و  ئاڵای سوئید، بە ڕێپێوان بەرەو گۆڕی ئامادەکراو بەڕێ کەوتن.

پاش بە خاکسپاردن و پەیمان نوێکردنەوەی هاوبیرانی، کاتژمێر ١ و ٢٠ خولەک بەشی دووهەمی ڕیوڕەسمەکە لە لایەن بەڕێوەبەرانی بەرنامە "عارف عەزیزی و شۆڕش ناسری" بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و تێکۆشانی مام حەسەن سەر سپی شۆڕشگێڕ و فەرماندەی حدکا دەستی پێ کرد.

دواتر بە شێوەی خوارەوە ڕێوڕەسمەکە درێژەی کێشا.

بەخێرهاتنکردنی بەشداربووان لە لایەن "شۆڕش ناسری" بە نوێنەرایەتی بنەماڵەی کۆچکردوو.

قسەکانی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە شاری ئێسکیلستۆنا لە لایەن "حەبیب بەهرامی".

برووسکەی ماتەمینی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی سوئید، لە لایەن بەڕێوەبەرانی بەرنامەوە.

پاشان مامۆستا مەلا حەسەن شیوەسەڵی ئەندامی ئیفتیخاری ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی سوئید و ناوەندی رێکخستنی سکاندیناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ بەشداربووان قسەی کرد .

دواتر کورتەفیلمێک وێڕای ژیاننامەی فەرماندە حەسەن زارعی، لە ئامادەکردنی سەید "ئەحمەد حوسێنی، چیا ڕەشیدی و شۆڕش ناسری" پێشان درا.

بروسکەی ماتەمینی "هاوڕێیانی پێشوو"، لە لایەن "محەمەد‌ئەمین ڕەشیدیـ"ـیەوە پێشکەش کرا.

هاوکات سیاسەتوان، نووسەری بەتوانا، هاوسەنگەر و خەباتکاری ناسراوی کورد دوکتۆر حوسێن خەلیقی چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

دواتر مامۆستا مەلا "محەممەد جوانڕۆیی" (ئەبوو تارا)، ئەندامی سەرکردایەتی حیزبی شیوعی کوردستان بیرەوەرییەکی خۆی گێڕایەوە.

لەو ڕێوڕەسمەدا، "کامەران زارعی" و "سەمیرە زارعی" کوڕ و کچی فەرماندە حەسەن سەرسپی چەند وتەیەکیان پێشکەش کرد.

هاوکات پارچە شێعرێک لە لایەن "لوقمان" و  پارچە شێعرێک لە لایەن "ساڵح پاڵانی" خوێندرایەوە؛ هەروەها پارچە شیعرێک لە لایەن تێکۆشەرانی دێموکرات لە سنە و ناوچەکانی نێردرابوو کە لە لایەن بەڕێوەبەرانی بەرنامەکە خوێندرایەوە.

لە بەشی کۆتاییدا، بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە سوئید، لە لایەن "مەولوود عەبدلیزادە"، وێڕای بەخێرهاتن و سەرەخۆشی، سپاسى بەشداربووانی کرد.

لەو ڕێوڕەسمەدا چەندین برووسکەی ماتەمین هاتبوون کە بریتین لە:

ـ برووسكەی ماتەمینی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان

ـ برووسکەی ماتەمینی پارتی سۆسیالیستی کوردستان "باکوور"

ـ برووسکەی ماتەمینی هێزە سیاسییە کورد و کوردستانییەکان لە سوئید

ـ برووسکەی ماتەمینی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نۆروێژ لە لایەن "ئیسماعیل محەممەدیـ"ـیەوە.

پاشان خاتوون "ڕۆیا" ، بە نوێنەرایەتی بنەماڵەی مام حەسەن، سپاس و پێزانینی بنەماڵەی خوالێخۆشبووی پێشکەش کرد.

ڕۆژی دووشەممە، ٩ی بانەمەڕی ١٣٩٨ی هەتاوی، فەرماندەی قارەمان، مام "حەسەن زارعی" بە هۆی نەخۆشیيەوە لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا، ماڵئاوایی لە گەل و نیشتمانەکەی کرد.