کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەیی هێزی پێشمەرگە: کردەوە تێرۆریستییەکەی کۆماری ئیسلامی سەرکەوتوو نەبووە

14:14 - 9 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: پاش بوردوومانی ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان لە ڕۆژی یەکشەممە کە بەهۆیەوە ژینگەی ناوچە خەساری زۆری بەرکەوت و پێشمەرگەیەکی کوردستانیش بەسووکی بریندار بوو، قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران ڕەدی کردەوە کە ئەم کارەی ئەنجام دابێت.

کاوە بەهرامی فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە دووتوێی لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" سەبارەت بە تۆپبارانەکانی ڕۆژی ڕابردووی شاخی کۆدۆ وێڕای ئەوەیکە جەختی لەسەر بەردەوامی ئەم هێرشانە لەمڕۆشدا کردەوە، ڕایگەیاند: رۆژی یەکشەممە ٩٧/٧/٨ سپای تیرۆریستی پاسدارانی ئێران، شاخی سنووریی کۆدۆی کردە ئامانج؛ بەوتەی ناوبراو ئەم شاخە کە دەکەوێتە سنووری پیرانشار لە لایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی کۆماری ئیسلامی (پەهباد) کەوتە بەر پەلاماری دوژمنان و بۆمباران کرا کە لە ئاکامی ئەو بۆمبارانەدا بنکەیەکی سەربازی هێزی پێشمەرگەی کوردستان وە بەر کەوت و پێشمەرگەیەک بە سووکی بریندار بوو.

بەڕێز بەهرامی لە درێژەدا سەبارەت بە ڕەدکردنەوەی هەواڵی بۆمبارانی ناوچە سنوورییەکان لەلایەن قەرارگای حەمزەی سپای پاسدارانەوە وێڕای وەدرۆخستنەوەی سپای پاسداران ڕایگەیاند: کۆماری ئیسلامی لەم هێرشەدا مووشەکی ٣٠ کیلۆگرەمیی ساختی ٢٠١٧ی بەکار هێناوە؛ جیا لەمەش هەر ئەم رێکەوتە کاتژمێر ١:٣٠ی پاش نیوەڕۆ ڕێژیم شاخە سنوورییەکانی ناوچەی سیدەکان و بەربەزینی تۆپ و کاتیوشاباران کرد و  خەڵکی ناوچەکەش شاهیدی ئەو کردەوە تیرۆریستییەی کۆماری ئیسلامی هەن.

بەهرامی لەدرێژەی لێدوانەکەیدا سەبارەت بە هۆکاری ڕەدکردنەوەی ئەم هەواڵە لەلایەن ڕێژیمەوە ئاشکرای کرد: یەکێک لەو هۆکارانەی کە سپای تیرۆریستی پاسداران رادەگەیەنێ ئێمە بۆمباران و تۆپبارانمان نەکردووە ئەوەیە کە کردەوە تیرۆریستییەکەی سەرکەوتوو نەبووە و بە خۆشییەوە زەرەر و زیانی گیانیی بە دواوە نەبووە بەڵام بەداخەوە زیانی مادی بەر ژینگەی ناوچەکە کەوتووە.

وتیشی: لە درێژەی جینایەتەکانیدا سپای تیرۆریستی پاسداران ناوچە شاخاوییەکانی بەربەزین سەر لەبەیانی ئەمڕۆش واتە دووشەممە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان واتە پهباد و تۆپ و کاتیوشا، ئەم دەڤەرەی بوردوومان کردووە.