کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەیەکی هێزی ئینتزامیی ڕێژیمی ئێران لە بانە کوژرا

12:37 - 7 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: لە ئەنجامی شەڕ و تێکەڵچوونێك لە سنووری شاری بانه، یەکێک لە فەرماندەکانی هێزی ئینتزامیی ڕێژیمی ئێسلامیی ئێران کوژرا.

شەوی سێشەممە ڕێکەوتی ٦ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی، ستوان یەکەم "مستەفا عەبدولمەلەکی"، خەڵکی شاری قوروە و فەرماندەی پاسگای سنووری بروێشکان، لە گوردانی "نوور"ی شاری بانە، لە شەڕ و تێکهەڵچوونێکدا لەگەڵ کەسانێکی نەناسراو کوژراوە.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەم بارەیەوە بڵاویان کردووەتەوە: "ئەو فەرماندەی هێزە ئینتزامییە، لە شەڕ و تێکەڵچوونێکی چەکداریدا لەگەڵ "ئەشراری موسەلەحـ"ـدا کوژراوە".

هەتا ئێستا ڕاپۆرتێک بە نیسبەت وردەکاریی ئەو ڕووداوە و چۆنیەتی ڕوودانی ڕووداوەکە، بڵاو نەکراوەتەوە.

لەو پەیوەندییەدا، ماوەیەک پێش، "هەڵۆوەکانی زاگرۆس" بە بڵاو کردنەوەی بەیانییەیەک ڕایان گەیاند، کە لە شەڕ و تێکەڵچوونی ڕۆژی هەینی ٢٥ی خەزەڵوەر، لە شوێنێک بە ناوی "خێڵە ڕەشـ"ـی شاری بانە، یەکێک لە هێزە نیزامییەکان کوژراوه و دوو کەسی دیکە بریندار بوونه.