کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەزای پەروەردەی گونجاو لە کوردستاندا بوونی نییە

13:35 - 23 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: لە بەرەبەری ساڵی نوێی خوێندن، قوتابخانەکانی کوردستان لەگەڵ کەمیی فەزای پەروەردە بەرەوڕوون و نێونجی فەزای پەروەردە لە کوردستاندا لە خوارەوەی نێونجی گشتی لە ئێراندایە.

''عەلیڕەزا باقری''، ڕاوێژکاری بەرپرسی ڕێکخراوی نۆژەنکردنەوە، گەشە و ئامادەکاریی قوتابخانەکانی ڕێژیم لە دانیشتنی ئەندامانی شۆرای پەروەردە و بارهێنانی شاری مەریواندا ڕایگەیاند: "نێونجی سەرانەی فەزای پەروەردە لە کوردستان، ٥.٢٢ میتری چوارگۆشەیە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە نێونجی سەرانەی فەزای پەروەردە لە ئاستی ئێراندا، ٨.٣٩ میتری چوار گۆشەیە".

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کرد کە ئەو نێونجییە لە شاری مەریوان، لەم ڕێژەیەش کەمترە.

 بەهۆی کەمیی فەزای پەروەردە لە شاری مەریوان، زۆربەی قوتابخانەکان بە شێوەی دوو شیفتە بەڕێوە دەچن کە سەرەڕای ئەوەش ئەم قوتابخانانە لە خزمەتگوزاری بەهرەمەند نین.

کەمیی فەزای پەروەردە لە ئێران بەگشتی و لە کوردستان بەتایبەتی، لە حاڵێکدایە کە ڕێژیمی ئێران ساڵانە میلیونها دۆلار بۆ سازکردنی قوتابخانە لە وڵاتانی عێراق، سووریە و لوبنان خەرج دەکات.