کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەلسەفەی خۆشەویستی

23:14 - 25 گەلاوێژ 2716

مەجید حەقی

پێشکەش بە ئەژین ڕەزابی و موژدە حەیدرەی*


خۆشەویستی نهێنیە، ڕازی دەروونە. ئەو هەروا دەبێ ببێ و هەرواش دەمێنێت. کە کەمێک ئەو نهێنیە ئاشکرا دەکرێت، هەمووجارێ نهێنیەکانی دیکەی لێی ئاشکرا دەبێت، وەک کانیاوێک کە تازە سەری هەڵدابێت، ئاوەکەی تازە، بەتام و خاوێنە. پرسیارەکانی پێوەندیدار بە خۆشەویستی دەکرێ لە چەندین ڕەهندەوە لێک بدرێنەوە، و هەرکەس لە ئێمە بە شێوەیەک لە خۆشەویستی تێدەگات. ئەوانەی کە جارێک بە دەست خۆشەویستیەوە زامدار بوون، زۆرجار دەڵێن خۆشەویستی بوونی نیە، بەڵام ئەژین و کاوە، موژدە و سەرکەوت سەلماندیان، لەو جیهانەدا خۆشەویستی ڕاستییە.

هونەر لەوەدا نیە مرۆڤ کۆتایی خۆشەویستی ببینێت، هونەر لەوەدایە کە سەرەڕای ڕیسکی پچرانی ڕێگە، سەرەڕای مەترسیی سەر ڕێگە، خۆشەویستییەک هەڵبژێری کە واتابەخش بێت. خۆشەویستییەک کە شوێندانەرە لە سەر تەواویەتی گەردوون. خۆشەویستییەک کە پرسیاری پێوەندیدار بە شوێندانەریی مرۆڤ لە سەر دەوروبەر و ژینگە دەخوڵقێنێت: ئەو هێزەی گەردوون پێکەوە گرێ‌دەدات چیە؟ گۆڕانی جیهان کارێکی زۆر پڕمەترسییە، گۆڕانی مرۆڤ و کۆمەڵگا ئاستەمتر. بۆ گۆڕانی کۆمەڵگا دەبێ سەرەتا ڕەوشی ئێستا لێک هەڵوەشێندرێتەوە، جیهانی کۆن بڕووخێت، کۆتایی بە ڕەوشی ئێستا بهێندرێت، ئەوکات دەکرێ جیهانێکی نوێ بخوڵقێندرێت. گۆڕانێکی وا پێویستی بە بوێرییەکی قووڵ، باوەڕێکی پتەو و هێزێکی لەبڕان نەهاتوو هەیە، کە لەدەرەوەی توانای ئێمە مرۆڤە ئاساییەکانە. دەیان ساڵە، کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاوەرێی، بەڵێ چاوەڕێی گۆڕان و هەڵوەشانی ڕەوشی ئێستایە. بەڵام ژینگەکە ڕۆژ بەرۆژ ئاستەمتر دەبێ بۆ ژیان، بازنەی تەناهی ڕۆژ بەڕۆژ تەسکتر دەبێتەوە، و کەمتر کەسێک وێراویە ئەو بازنەیە تێک‌بشکێنێت.

لە نەورۆزی ساڵی ٢٧١٦ی کوردیدا، پەیامی پێکەوەگرێدانی خەباتی شاخ و شار، ڕاسانەوەی ڕۆژهەڵات وەک بوومەلەرزە کۆمەڵگای خەوتووی ڕۆژهەڵاتی ڕاچڵەکاند. دواتر حزووری پێشمەرگە لە ناو خەڵک لە ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵات، کۆماری ئیسلامیی ئێرانی هەژاند. بە هەڕەشە و هێرشی دڕندانەی، ویستی خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە چاوترسێن بکات. لەو نێوەدا دوو پێشمەرگە، دوو عاشق کە، سۆزدارانیان چاوەڕوانیان دەکردن و چرکەژمێریان دەکرد بۆ هاتنیان، بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر مەرگ بەچۆکدا دەهێنن و بە مەرگی خۆیان دوژمن دەبەزێنن. دەبنە خەون، ئەفسانە و شاچیرۆکی دەسپێکێکی نوێ. جیهانێک کە بە بڕوای زۆرکەس نەگۆڕ بوو، ڕەوشێک کە امنیت ناو لێ‌نرابوو، لە ناکاو تووشی لەرزە هات. کەوابوو هێزێک هەیە، زەوی لەژێر پێی ئەژدەهای سەردەم بلەرزێنی، هێزێک کە تەنیا باوەڕی بەسە، بۆ ئەوەی دوژمن هەزاران هەزار هێزی پۆشتەوپەرداخ بەرەو کوردستان بنێرێت و لە وێرانکاری‌دا، ڕووی چەنگیزخان و هیتلێر سپی بکاتەوە. کەوابوو، خۆشەویستی ڕاستە. بە بێ هێزی خۆشەویستی، بە بێ هۆ، ناتوانێت جیهانێک هەبێ. جیهان ناتوانێت لە سەر شانس و بەخت بێت، چوونکە شانس و بەخت، یان قەزا و قەدەر، هەمیشە هەبووە و هەیە، و هیچ شتێک ناگۆڕێت. گەر هەمووشت قەزا و قەدەر بوایە، لەوانەیە بەهۆی قەزا و قەدەرەوە، ئەمڕۆ نەتەوەیەک بەناوی کورد بوونی نەبوایە.

ئێمە دەتوانین باس لە خاڵی گۆڕانێک بکەین،خاڵگۆڕانێک وەک بازدانی کوانتۆمی، کە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی بەرەو قۆناغێکی نوێی ڕۆحی و خۆئاگایی ڕێبەری کرد. ئەو گۆڕانە، لەوانەیە هەموو پانتایی کوردستان بەخێرایی دڵخواز نەگرێتەوە. ئەم جۆرە گۆڕانە دەست بەجێ دەبوو بەهۆی ئەوەی کە لە پێوەندی لە گەڵ ڕاسان و شەهیدبوونی کاوە و سەرکەوت، زێدەڕەوی بێت و یا خود مرۆڤ تووشی کوێرایی خێرایی بکات.

ئێمە باس لە وەرزی خۆشەویستی دەکەین، چوونکە خۆشەویستی ڕاستییە، هەموو وەرزەکانی خەبات وەرزی خۆشەویستین. هەوڵدان بۆ خۆشەویستی گەشەکردن نیە، پێوەندییەکی بە ڕەوتی گەشەکردنی مرۆڤیشەوە نیە، خۆشەویستی بۆخۆی هەموو گەشەکردوویی و مەرجی سەرەکیی گەشەکردن و گۆرانە. گەشەکردنی مرۆڤی بە بێ خۆشەویستی شی ناکرێتەوە. لەوانەیە هیچ گۆڕانێکی بنەڕەتی بەو زووانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوو نەدات، بەڵام چرکەی ڕووناکییەکی بەهێز و تینێکی بەگوڕ لە کوردستان لێدراوە، و پڕە لە سیمای خۆشەویستی.

* لەیادی چلەی شەهیدان کاوە جەوانمەرد و سەرکەوت سەمەدی و هەموو شەهیدانی ڕاسان.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە