کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قارەمانانی دێموکرات بە بۆنەی ٢٦ی خەرمانانەوە، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوەبرد

12:22 - 21 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە ئەنجامدانی چالاکیی تەبلیغی، یادی شەهیدکرانی ڕێبەری بلیمەتی گەل، دوکتور "سادق شەرەفکەندیـ"ـیان بەرز ڕاگرت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی سێشەممە، ١٩ی خەرمانان، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی "شاروێرانـ"ـی شاری مەهاباد، یادی شەهیدکرانی ڕێبەری گەورەی نەتەوەی کورد، دوکتور "سادق شەرەفکەندیـ"ـیان بەرز ڕاگرت.

وەفادارانی ڕێبازی ئاشتی و ئازادی، کۆمەڵێکی بەرچاو تراکت و پۆستێری تایبەت بەو ڕۆژەیان لە شوێنە جیاجیاکانی ئەو ناوچەیەدا، بڵاو کردەوە و هەروەها بە نووسینی دروشمەکانی وەک: "دوکتور شەرەفکەندی لە ڕێبازیدا زیندووە، بژی ڕاسان، بژی حدکا"، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

ئەو شوێنانەی کە چالاکیی لێ ئەنجام دراون بریتین لە: "شاری گوێکتەپە و گوندەکانی حاجی خۆش، گابازەڵە، کێچاوا، جەهاد ئاباد، قەرەداغ، قجیاوا، گاپیس، خورخۆرە، تاڵاوی کانی بەرازان و گۆڕستانی شەبەک".

هەر بەم بۆنەوە، قارەمانانی دێموکرات لە شاری پیرانشار، بە نەخشاندنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان، بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێر و نووسینی دروشم، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

ئەم شوێنانەی کە چالاکیی لێکراوە بریتین لە گوندەکانی: "خورینج، لاوێن، گردکشانە، ئەندێزێ، قەڵەبان، شنۆزەنگ، گەپلەسەن، کارخانە قەند و دەوروبەری".

هەروەها، ئەندامانی تیکۆشەری دێموکرات لە شاری بۆکان، بە بۆنەی ٢٦ی خەرمانانەوە، بە بڵاوکردنەوەی پۆستێری تایبەت و "سی دیی حیزبی"، چالاکیی تەبلیغییان ئەنجام دا.

ئەو شوینانەی کە چالاکیی تیدا بەڕێوە چووە بریتین لە: "بلواری شەمسی بورهان، پردی کۆنی میراوا، مەیدانی وەحدەت و هەروەها لە گوندەکانی دروێشان، قاجر، قەرەلی و پیرمحەممەد".