کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قازیپوور: هیچ کۆڵبەرێک نەکوژراوە و بریندار نەبووە

11:59 - 19 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: بەناو نوێنەری ورمێ لە مەجلیسی ڕێژیمدا، تەقەکردن لە کۆڵبەرانی کوردی، لە لایەن هێزە ئینتزامییەکان، سپای پاسدارانی و هەنگی سنووریی ڕەت کردووە.

نادر قازیپوور، مۆرەی دەستنیشانکراوی ڕێژیم لە شاری ورمێ لە مەجلیسی ڕێژیم، لە وتووێژێکدا لەگەڵ "باشگای هەواڵنێرانی جەوان" ڕایگەیاندووە: "هیچ کەسێک لە سنوورەکان لە  کاتی کۆڵبەریدا، نەکوژراوە و برینداران نەبووه".

ناوبراو، باسی لەوەش کردووە: "هێندێک لە نوێنەرانی خۆفرۆش لە مەجلیسدا، هێزە سنوورەپارێزەکان، سپای پاسداران و هێزە ئینتزامییەکان بە بکوژی کۆڵبەران، ناوزەد دەکەن".

قازیپوور ئیدعا دەکات، کە بۆ کاری کۆڵبەری، "دەوڵەت و نیزام شوێنی تایبەت و کاتژمێری دیاریکراوی دیاری کردووە، کە هەتا ئەمڕۆ هیچ کەسێک لە سنوورە فەرمییەکانی کۆڵبەریدا نەکوژراوە یان بریندار نەبووە".

بە وتەی ئەو مۆرەیەی ڕێژیم لە مەجلیسدا، "کەسانی دژە شۆڕش و قاچاخچییە چەکدارەکان، کە لە شوێنە نافەرمییەکاندا هاتووچۆ دەکەن، لە لایەن فەرماندەی قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەداوە سزا دەدرێن".

لێدوانەکانی قاز‌یپوور، مۆرەی دەستنیشانکراوی ڕێژیم لە مەجلیس، بۆ شاری ورمێ لە کاتێکدایە، کە بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ساڵی ٩٧دا، لە کۆی ٢٦٥ کۆڵبەری کورد کە لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆکاری جۆراوجۆرا کوژراون یان برینداربوون، ١٧٧ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی کوژراون و بریندار بوون.