کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قاسملوو هەروا ڕێبەری ڕووداوەکانی کوردستانە

21:29 - 22 پووشپەڕ 2716

مەجید حەقی

ڕێبەری و بەڕێوەبەریی سیاسی یەکێک لە بناغەکانی هەر کۆمەڵگایەکە. کوردستان سەرەڕای ئەوەی کە جارێ نەیتوانیوە ببێتە خاوەنی کیانی سیاسی خۆی، خاوەنی ڕێبەرگەلێک بووە کە توانیویەتی تەواویەتی نەتەوەی کورد لە بەرانبەر توانەوە، داپلۆسین، ئاسیمیلاسیۆن و لەنێوچوونی ناسنامەیی و مرۆڤی بپارێزێت. ڕێبەران ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی کۆمەڵگادا. یەکێک لە گرینگییەکان و هۆیەکانی بەنرخیی جۆڵانەوەی نەتەوایەتی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە ڕۆڵێکی کلیدیی لە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەیە، دیاردەی ڕێبەری و شوێندانەریی ڕێبەریی دوکتور قاسملوو بەسەر ئەو حیزبەدایە. پرسی ڕێبەری هەم هۆی داهێنانی جۆڵانەوە و شۆڕش و هەم هۆی ڕاگرتن و لەجێدا مانی شۆڕشەکانە، کە دەتوانێت ببێتە هۆی لەناوچوونی ڕەوتی بەرەوپێش چوون و گۆڕانکاری و نەگۆڕدرانی سیستمی ڕێبەریی ڕێکخراو لەگەل ئاڵوگۆڕەکانی جیهان. دوکتور قاسملوو لەو ڕێبەرە دەگمەنانەی کورد بوو کە توانی شۆڕشی کوردستان بکاتە جوڵانەوەیەکی بەهێز و خاوەن دینامیزم و پێشی هەرجۆرە لادان و کۆنەپەرەستی و خۆبەدەستەوەدان بگرێت.

بۆیە کۆماری ئیسلامی ٢٧ ساڵ دوای تیرۆری ناجوامێرانەی دوکتور قاسملوو هەروا هەوڵ دەدات بە پێکهێنانی کەشی ترس و خۆف، نیشاندانی هێزی نیزامی و سەرکوتی خۆی، داڕشتنی پلانی جۆراوجۆر و پێکهێنانی کێشە و گرفتی جۆراوجۆر بۆ خەڵکی کوردستان و خوڵقاندنی ڕووداوی ناخۆش و تاڵ بۆ خەڵکی کوردستان وەک شەهید کردنی ڕۆڵەکانی، کوشتنی کۆڵبەران و زەحمەتکێشانی کوردستان، ئاسەواری شوێندانەریی ڕێبەریی قاسملوو لە سەر کۆمەڵگا کەم ڕەنگ بکاتەوە.

شۆڕشێک کە ڕێبەرەکەی قاسملوو بووبێت و بنەمای تیۆری و فەلەسەفەی ئەو لەسەر خۆشەویستیی ژیان و ژین‌ویستی دامەزرابێت، سەرەڕای هاتنە پێشی کارەساتی قەرەبوو نەکراو، ناتوانێت ببێتە هۆی دڵساردیی ڕێبوارانی ڕێبەران و خەباتکاران تووشی شک و گومان بکات لە بەرخودان و پاراستنی ئەو بایەخە نەتەوایەتی و مرۆڤاییانیەی کە قاسملوو داهێنەری بووە.

لێرەدا زۆر بەکورتی ئاماژە بە هەندێک تایبەتمەندی و ڕۆڵی قاسملوو لە ڕێبەریی جووڵانەوەی کوردستان دەکرێت:

١. ڕۆڵی قاسملوو لە سەرهەڵدان و درێژەی جووڵانەوەی کورد
٢. ڕۆڵی ڕێبەریی قاسملوو لە جووڵانەوەی کۆمەڵگا
٣. ڕۆڵی قاسملوو لە بەرخۆدان و خۆڕاگری لە بەرانبەر سەختیەکان
٤. ڕۆڵی قاسملوو لە پاککردنی کۆمەڵگا لە ناپاکییەکان
٥. ڕۆلی قاسملوو لە پاراستنی بایەخە نەتەوایەتیەکان و پێشگیری لە لادان لە بنەماکانی شۆڕشی کوردستان
٦. ڕۆڵی ڕێبەری لە پاراستنی دەسکەوتەکانی شۆڕشی کوردستان
٧. ڕۆڵی ڕێبەریی قاسملوو لە جێبەجێ کردنی یاسا و ڕێوشوێنەکانی شۆڕشی کوردستان
٨. ڕۆڵێ ڕێبەری لە بەرخودان و شەڕی چەکداریی پێشمەرگەکانی کوردستان
٩. ڕۆڵی ڕێبەری لە پێکهێنانی ڕێک و پێکیی کۆمەڵایەتی
١٠. رۆڵی ڕێبەریی قاسملوو لە وەدیهێنانی هەستی ئەمنیەتی تاکەکەسی و ئارامیی کۆمەڵگای حیزبی
١١. ڕۆڵی ڕێبەری لە خەبات دژی دیاردە نەخوازراوە کۆمەڵایەتیەکان
١٢. ڕۆڵی ڕێبەری لە پەروەردەی مرۆڤەکان (تەندروستی تاکەکەسی و کۆمەڵگا)
١٣. ڕۆڵی ڕێبەریی قاسملوو لە گەشەکردنی پەروەردەی زانستی لە ناو ڕیزەکانی حیزبدا
١٤. ڕۆڵی ڕێبەریی قاسملوو لە یەکیەتی ڕیزەکانی خەباتی نەتەوایەتی‌دا
١٥. ڕۆلێ ڕێبەری لە بەرەوپێش بردنی خەباتی هومانیستی و مرۆڤ پەروەر
١٦. ڕۆڵی ڕێبەریی قاسملوو لە پێکهێنانی مودیریەتێکی تەندروست و چاکسازی لە ڕێبەری و بەرێوەبەریی حیزبی‌دا
١٧. ڕۆڵی ڕێبەریی قاسملوو لە بەڕێوەبردن و باشتر بوونی باری دارایی و ئابووریی جووڵانەوە
١٨. ڕۆڵی ڕێبەری لە گەشەسەندنی بنەما ئەخڵاقیەکانی شۆڕش و جووڵانەوەی کورد.

بە لەبەرچاو گرتنی ئەو تایبەتمەندیانە و ڕۆڵی گرینگی ڕێبەری لە کۆمەڵگادا بوو، قاسملوو هەرگاڤ لە بیری بەرەوپێش بردنی ڕێبەریی بە کۆمەڵ و بەکۆمەڵ کردنی ڕێبەری بوو. ئەمڕۆ ٢٧ ساڵ دوای شەهید بوونی دوکتور قاسملوو، قاسملوو هەروا لە سەر بزاڤی نەتەوایەتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شوێندانەرە، بنەماکانی بیروباوەری و ڕێکارەکانی ڕێبەریی ئەو، ڕێبەڕی کۆمەڵگا دەکەن بۆ گەیشتن بە ئامانجە نەتەوایەتیەکان و مرۆڤییەکانی خەڵکی کوردستان. ئەوەی جێگای سەرنجە، هەرچی لە مێژووی تیرۆری دوکتور قاسملوو دوورتر دەکەوینەوە، شوێندانەریی قاسملوو لەسەر کۆمەڵگا قووڵتر دەبێتەوە. کۆماری ئیسلامی لە پلانی گەندەڵی تیرۆری ڕێبەری خەڵکی کورد تووشی هەڵەی لێکدانەوە بوو. قاسملووی شەهید لە سکرتێری حیزبی دێموکراتەوە بوو بە ڕێبەری سەرانسەری جووڵانەوەی ڕزگاری خوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هێمای بەرخودان و ئازادی ویستی و مرۆڤ پەروەری هەموو خەباتکارانی ئێران.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە