کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قاچاخچییەکی دۆلار لە سنووری نێوان ئێران و ئەفغانستان گیرا

11:27 - 28 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: قاچاخچییەکی دۆلار، کە دەیویست بڕی ٣٨ هەزار دۆلار لە ئەفغانستانەوە بۆ ئێران بگوازێتەوە، لەسەر سنووری نێوان ئێران و ئەفغانستان لە لایەن پولیسی ئەفغانستانەوە گیرا.

پاش وەگەڕخرانەوەی خولی نوێی گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆسەر رێژیمی ئێران، قاچاخی دۆلار لە ئەفغانستانەوە بۆ ئێران ڕووی لە زیادبوون کردووە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، هێزە ئەمنییەتییەکانی ئەفغانستان، کەسێکیان لەسەر سنووری نێوان ئێران و ئەفغانستان گرتووە، کە ویستوویەتی بڕی ٣٨ هەزار دۆلار بۆ ئێران بگوازێتەوە.

وتەبێژی والیی هەرات، لەو بارەوە ڕایگەیاندووە: "ئەو کەسە لە حاڵێکدا لە نێوان سنووری ئێران و ئەفغانستان گیراوە، کە بڕی ٣٨ هەزار دۆلاری لە ماشینەکەیدا شاردووەتەوە و ویستوویەتی ئەو پارەیە بۆ ئێران بگوازێتەوە.

حکوومەتی ئەفغانستان کە قاچاخی دۆلار لە ئەفغانستان بۆ ئێران بە یەکێک لە هۆکارەکانی هاتنەخوارەوەی نرخی پارەی ئەفغانی دەزانێت، پشتڕاستی کردووەتەوە کە لە سێ مانگی ڕابردوودا نزیک بە ٥٠ کەسی بە تۆمەتی قاچاخی دۆلار بۆ وڵاتانی دەراوسێ گرتووە.

عەتیقوڵڵا نەوشیر، بەرپرسی ڕاوێژکارانی تەناهیی نەتەوەییی ئەفغانستان، ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی خەرمانان، چاوی بە بەرپرسی بانکی ناوەندی ئەو وڵاتە کەوتووە و داوای لێ کردووە، کە بۆ کونتڕۆڵکردنی زیاتری سنوورەکان، هەوڵی زیاتر بدرێت.