کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قاچاخی کاڵا ئێرانییەکان ڕووی لە هەڵکشانە

11:46 - 25 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: قاچاخی کاڵا ئێرانییەکان بۆ وڵاتانی دراوسێ، ڕووی لە هەڵکشانە؛ لەم نێوانەدا، برنج، چای، ڕۆبی تەماتە و جگەرە زۆرترین ڕادەی قاچاخ کردنیان هەیە بەڵام زیاتر لە هەموویان سووتەمەنی قاچاخ دەکرێت.

ماڵپەڕی " تجارەت نییوز" سەبارەت به قاچاخی کاڵا له ئێران ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە که تێیدا هاتووە: " وڵاتانێک کە پێشتر کاڵاکانیان بۆ ئێران قاچاخ دەکرا، ئێستا لە ئێرانەوە کاڵایان بۆ قاچاخ دەکرێت. "

لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژه بەو کاڵایانە کراوە که زۆرترین ڕادەی قاچاخ کردنیان هەیە، کە بریتین له: قەند، ڕۆبی تەماتە، برنج، ماسی، هێلکه، ڕۆن، دانەوێڵە و زۆربەی ئەو کاڵایانە که به نرخی ٤٢٠٠ تمەن لە دەرەوە هاوردەی ئێران دەکرێن.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، زۆرترین ڕادەی قاچاخ لە وڵاتانی ئەفغانستان، عێراق، تورکیه، کۆماری ئازەربایجان، وڵاتانی کەنداو، ئەرمەنستان ، گورجستان و پاکستانەوە ئەنجام دەدرێت.

تجارەت نییوز لەم بارەوە ڕایگەیاندووە: ئەو کاڵایانەی کە به زەحمەت و کێشەی زۆرەوە هاوردەی ئێران دەکرێن، به ئاسانترین شێوە قاچاخ دەکرێن بۆ وڵاتانی دراوسێ. ئەمەش هۆکاری سەرەکی بۆ کەمبوونی کاڵا سەرەکییەکان لە ئێرانە که نموونەی بەرچاوی ئەم کاڵایانە، جۆرەکانی دەرمانە؛ ئەو دەرمانانەی کە دەوڵەت ناچار بە هاوردەکردنیانە زۆر به ئاسانی و به نرخێکی کەم دەنێردرێن بۆ وڵاتانی دیکە.

بە پێی ئامارە بڵاوکراوەکان، سووتەمەنی زیاترین ڕێژەی قاچاخی لە ئێراندا هەیە و ڕۆژانە ١١ و نیو میلیۆن لیتر سووتەمەنی لە ئێرانەوە قاچاخ دەکرێت. لەم ڕێژەیە ٨٥ لەسەدی نەوت گاز و ئەوی دیکەشی نەوتی سپی، نەوتی کوورە و بنزینە.

 پێشتریش، "عەلی موریدی"، بەرپرسی گشتیی ئاو و خاکی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتیی ئیسنا  باسی لە قاچاخی خاکی ئێران کردبوو و ڕایگەیاندبوو:

"قاچاخی خاکەکانی ئێران لە دەیەکانی هەشتاوە دەستی پێ کردووە و هەتا ئێستایش بەردەوامە و قاچاخی خاکی لەوەڕگە و مەزراکان لە پارێزگاکانی باشوور لەوانە پارێزگای فارس ئەنجام دەدرێت".