کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قسە چەواشەکارانەکانی خامنەیی لە ڕۆژی جیژنی ڕەمەزاندا

13:16 - 26 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، لە کاتی بەڕێوەبردنی نوێژی جێژنی ڕەمەزان، وڵاتانی ڕۆژئاوایی بە هۆکاری هەموو کێشە و داڕمان و قەیرانە ئابوورییەکان زانیوە.

عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٥ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە ئاخاوتنی کاتی بەڕێوەبردنی نوێژی جێژنی ڕەمەزاندا، گوشارە ئابوورییەکان، گرانی و هەڵاوسانی بازاڕی وەک تاکتیکی دوژمن و بە مەبەستی ماندوو و بێ‌هیوا کردنی خەڵکی ئێران ناوزەد کردووە.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە بەردەوامی کلاسەکانی خوێندنەوەی قورئان و نوێژ و ڕۆژوو گرتنی خەڵک لە ئێران، ڕایگەیاندووە: "خەڵکی ئێران ماندوو و بێ‌هیوا نین".

ئەو قسانەی ناوبراو لە حاڵێکدایە، کە لە بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا، خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە زیاتر لە ١٥٠ شاری ئێران ڕژانە سەر شەقامەکان و بێزاری و دژکردەوەی خۆیان بەنیسبەت گەندەڵی ئابووری و سیاسەتە چەوتەکانی ئەو ڕێژیمە دەربڕی؛ هەروەها لەو کاتەوە هەتاکوو ئێستا، ڕۆژانە لە شارە جیاجیاکانی ئێراندا ناڕەزایەتییە سینفییەکان لە جۆری کرێکاری، وەرزێڕان، پزیشکان، خوێندکاران و ... بەڕێوە دەچن.

خامنەیی هەر لەو مەراسمەدا قسەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی بە نیسبەت نیەتی ڕێژیمی تاران بۆ لەنێوبردنی یەهودییەکانی بە درۆ زانیوە، بەڵام هەو لەو کاتەدا بۆ جارێکی دیکەش رایگەیاندووە کە بە دڵنیاییەوە ئیسرائیل لە نێو دەبەین.

ئەم چەواشەکارییانەی خامنەیی هاوکات بوون لەگەڵ چەواشەکارییەکانی حەسەن ڕۆحانی کە سەرەڕای هەموو ئەو قەیرانانەی لە ڕووی گرانی، هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و دابەزینی نرخی تمەن و داڕمانی ئابووری بەرۆکی وڵاتیان گرتووەتەوە، رایگەیاند: "ئێمە هیچ کەموکوڕییەکمان بە نیسبەت پارەی دەرەکی، مەوادی خۆراکی و پێداویستییەکانی دیکەوە نییە و خەڵکی ئێران تەنیا دەبێ بە داهاتوو هیوادار بن و متمانە بە ئێمە بکەن".