کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قوتابخانەکان دەکرێنە دووکان

11:38 - 15 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە جێگای ئەوەیکە قوتابخانە دروست بکات، قوتابخانەکانیش بە کرێ دەدات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری مەریوان، بەشێکی یەکێک لە قوتابخانەکانی ئەم شارەی کردووە بە دووکان و بە تەمایە بە کرێی بدات.

ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری مەریوان، بەشێکی قوتابخانەی سەرەتایی "٢٣ی تیر" کە دەکەوێتە سەر شەقامی "سەید قوتب"، کردوویەتی بە دووکان و دەیهەوێت دوای تەواوبوونی دروستکردنی ئەم دووکانانە، بە شێوەی فرەبەکێ (موزایدە) بە کرێی بدات.

ئەمەش لە حاڵێکدایە کە لە ئێران بەگشتی و لە کوردستان بەتایبەتی، کەمیی قوتابخانە و شوێن و فەزای پەروەردە، کێشەیەکی بەرچاوە و وەکوو پێویست فەزای پەروەردە بۆ قوتابییان دابین نەکراوە.

"بەهمەن عیرفانی"، بەرپرسی پەروەردە و بارهێنانی شاری مەریوان، باسی لە نالەباربوونی فەزای فێرکاری لەم شارەدا کردبوو و وتبووی: "ئەم شارە لە بواری فەزای فێرکارییەوە لە ئێراندا و بەنیسبەت حەشیمەتی قوتابییەکانی، ٤٤هەمین شار و بەپێی فەزای فێرکاری، دوایین شاری ئێرانە".

هەروەها وتبووی: "٤٤ لەسەد لە قوتابییانی شاری مەریوان لە قوتابخانە داڕماوەکاندا خەریکن درێژە بە خوێندن دەدەن و ٣٦ لەسەدی قوتابخانەکانیش پێویستییان بە نۆژەنکردنەوەیە و بەم حاڵەشەوە، هەمووی ئەو قوتابخانانە لە دوو دانی بەیانی و دوانیوەڕۆدا کراوەن و کەڵکیان لێ وەردەگیرێت".

نەبوونی فەزای لەباری فێرکاری، نەبوونی ئاسایش و داڕماوبوونی قوتابخانەکان له نیگەرانییەکانی بنەماڵەکانە بۆ ناردنی منداڵەکانیان بۆ قوتابخانەکان.