کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قوتابخانەکانی ئێران لەژێر مەترسیی ماددە سڕکەرەکانە

12:25 - 3 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: وزارەتی پەروەردەی ڕێژیم ڕایگەیاندووە، کە ١٠ هەزار قوتابی لە ئێراندا گیروودە بە ماددە سڕکەرەکانن.

مەنسوور کیانی، بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی پاراستن لە هەمبەر خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی وزارەتی پەروەردەی ڕێژیم، ڕایگەیاندووە: ١٠ هەزار قوتابی لە ئێراندا گیرۆدە بە ماددە سڕکەرەکان بوونە و مەترسی لەسەر ١٠٠ هەزار قوتابی دیکە هەیە، کە زۆرینەیان ئەزموونی بەکارهێنانی ماددە سڕکەرەکانیان هەیە.

ئەم ڕێژەیە کە لە ئامارەکانی ڕێژیمدا بڵاو بووەتەوە، کارەساتێکی دڵتەزێنە، بەڵام ڕێژیمی ئێران لە بڵاوکردنی ئاماری خەسارە کۆمەڵایەتییەکان، هەمیشە لە ئامارە ڕاستییەکان خۆی بواردووە؛ ئەوی کە لە کۆمەڵگای ئێراندا دیارە و خەڵک ڕۆژانە لەگەڵی بەرەوڕوون، ڕێژەی گیرۆدەکانی ژێرەوەی ١٨ ساڵە کە زیاتر لە دەیان هەزار کەسن.

ڕێژیمی ئێران، بۆ لێکۆڵینەوەی مەیدانی و بەدواداچوون لە بارەی گیرۆدەبووانی ماددە سڕکەرەکان لە قوتابخانەکانی ئێراندا، لە سەر ڕێگای چالاکانی مەدەنی و پسپۆڕانی پێشگیری و دەرمانی ئەو نەخۆشییە لەمپەر دروست دەکات و ناهێڵێت ئامارە ڕاستییەکان ئاشکرابن.

ڕێگریکردنی ڕێژیم بۆ دەرمان و کەمتەرخەمییەکانی لە هەمبەر دیاردەی گیرۆدەبوون بە ماددە سڕکەرەکان، لەسەر ئەو بنەمایەیە کە خودی ڕێژیم لە ڕاستای سیاسەتە نامرۆڤانەکانی، بە هاوردەکردنی ماددە سڕکەرەکان بۆ ئێران و بڵاوکردنی لە کۆمەڵگادا لە ڕێگەی سپای پاسدارانەوە، هەوڵ دەدات کۆمەڵگای ئێران بەتایبەت لاوان، بە گیرۆدەکردن بەو ماددانە، هیوا بە ژیان و هەستی ئازادیخوازییان لێ بستێنێ و بناغەی کۆمەڵگا هەڵوەشێنێت.