کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قوتابخانەی ئازادی

19:47 - 31 گەلاوێژ 2718

کەریم پەرویزی

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ٧٣ ساڵە خەبات دەکا و لەم زیاتر لە حەوت دەیەدا، زۆر چەمکی داهێناوە و زۆر چەمکی گۆڕیوە و بووەتە هۆی ئەوەیش هەندێ چەمکی ماوەبەسەرچوو ئیدی لە کۆمەڵگادا نەمێنن و فەرامۆش بکرێن.

لەگەڵ کاریگەریدانان لەسەر چەمکەکان، کاریگەریی قووڵی لەسەر ژیانی کۆمەڵگای کوردستانی ڕۆژهەڵات و چین و توێژەکانی و تاکەکان و گرووپە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتووریەکانیش داناوە.

لەسەر مێژوو و کار و تێکۆشان و هەڵە و کەموکووڕیەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وەکوو کاریگەرترین و خاوەن ڕابردووترین حیزب لە گۆڕەپانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتدا، زۆر وتراوە و زۆر نووسراوە و هەموو ئەو وتراو و نووسراوانە پێم وانیە بگاتە ڕادەی یەک لە دەیان هەزاری کار و تێکۆشانی ئەو حیزبە، چوونکە مێژوو و تێکۆشانی وەها حیزبێک، تەنیا چەند ڕووداوێک لە چەند بڕگەیەکی جیاوازدا نیە.

ئەوەی لە مێژووی وەها حیزبێکدا ڕوویان داوە، خەبات و تێکۆشانی هەزاران وسەدان هەزار ئەندامە کە هەرکامەیان ژیانی تایبەت و مێژووی تایبەت و داستانی تایبەت بە خۆیان هەیە کە گەر ئەدەبیاتی زارەکی و دۆخی خەبات دەرەتانی بدایە، دەیان هەزار حەماسە و چیرۆکی ئاواتەخوازیی ژیانی ئازاد و گیانبازی بۆ ئاوات و ئامانجەکان دەنووسرانەوە.

قوتابخانەی حیزبی دێموکرات، لە ڕۆژی یەکەمی دامەزرانیەوە تاکوو ئێستا و بەرەو داهاتووش، جیا لە هەموو وانە و بارهێنان و پەروەردەکردنەکان و تۆمارکردنی هەموو حەماسە مێژوویی و نەتەوەییەکان، لایەنێکی گرنگی هەیە بە ناوی ئازادیی تاکەکان و ژیانی سەربەت و سەرفرازانەی تاکێک ئینسانی کە پێناسەیەکی سەربەرزانەی دەداتێ و لە هەموو شوێنێک بە سەرفرازیەوە دەڵێ کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لەو قوتابخانەیەدا وانەم وەرگرتوە و بارهاتووم.

قوتابخانەی ئازادی، تاکەکانی کوردستان فێر دەکا کە بیر بکەنەوە، فێریان دەکا کە دەروونیان و ڕەوانیان لە ڕایەڵە کۆنەکان و گرێ نالەبارەکان ڕزگار بکەن و چاویان بکەنەوە بەرەوڕووی دونیایەکی دیکەدا.

لە قوتابخانەی ئازدایدا، ڕێنێسانی هزری و روانگەیی دەست پێ دەکا و تاکی وشیار، بەڵام ئامادەی خۆبەختکردن و بە ڕۆحی خۆنەویستی و نیشتمانپەروەری و خەڵک ویستی بار دێن، بەڵام ئەوە بەو مانایە نیە کە هەموو تاکێک هەر کە هاتە نێو ئەم قوتابخانەیە رێک وەها دەردەچێ کە ئامانجی قوتابخانەکەیە. بەدڵنیاییەوە وەکوو هەموو کۆمەڵگایەکی دیکە و هەموو قوتابخانەی دیکە، قوتابیی زۆر چاڵاک و زۆر وریای تێدا هەڵ دەکەوێ و قوتابیی دیکەشی هەبووە و دەبێ کە کەمتر هەوڵی خۆرێکخستن لەگەڵ راسان و رێنیسانی هزریدا دەدا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، قوتابخانەی ئازدایە کە دەیەوێ  تاک و گرووپ و ژن و کۆمەڵگا و نەتەوە و بیرە تاک و گشتەیەکان و بەگشتی ژیان و خەبات و گەشەکردن لە کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستاندا ئازاد و خاوەن بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بار بێ.