کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قوتابخانەیەک لە مەریواندا نۆژەن کرایەوە

13:49 - 25 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: گرووپی شاخەوانیی "کاسارۆ"ی مەریوان، بە مەبەستی پێگەیاندن و گەشەی منداڵان، قوتابخانەی گوندی "کانی تەمەرخان"ـیان نۆژەن کردەوە.

گرووپی شاخەوانیی "کاسارۆ"ی مەریوان ئەمساڵیش لە هەڵمەتێکدا، نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەی یەکێک لە گوندەکانی مەریوانی بەسەرکەوتوویی کۆتایی پێهێنا.

گرووپی شاخەوانیی کاسارۆی مەریوان لە هەوڵێکدا بۆ منداڵانی ئەو گوندە، قوتابخانەکەیان نۆژەن کردووەتەوە.

ئەم ئەرکە لە لایەن گرووپی شاخەوانیی کاسارۆوە دەستی پێکردووە و سەرپەرەستی کراوە و خەڵکیش یارمەتییان داون.

دوای چەند ڕۆژ کاری بەردەوام و ماندوونەناسانە، قوتابخانەی "کانی تەمەرخان" بە شیوەی ڕێکوپێک نۆژەن کراوەتەوە.

هاوکات کتێبخانەیەک، کامپیۆتەرێک، هەندێک کتێب و کەرەستەی وەرزش و یاریی منداڵان، لە لایەن ئەو گرووپەوە بۆ ئەو قوتابخانەیە دابین کراوە.

ساڵی پاریش ئەو گرووپە شاخەوانییە، وەک ئەرکی سەرشانی خۆی، بۆ ئەوەیکە منداڵان لە کوردستان بتوانن لە کەش و فەزایەکی ئارام و پڕ لە ئومێد و هیوادا دەرس بخوێنن، ئەم کارەیان ئەنجام داوە.