کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قوتابیان قوربانیی قوتابخانەکانن

12:21 - 27 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: لە بەرەبەری کرانەوەی قوتابخانەکان لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران داوای ئەستاندنی پارە لە قوتابیان دەکەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە قوتابخانەکانی شاری بۆکان لە ژێر ناوی "هدیە بە مدرسە" لانیکەم بڕی ٥٠ هەزار تمەن پارە دەستێنن.

هەواڵنیری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوە کرد، ئەو قوتابیانەی کە "ئاشنا و دۆستیان" هەبێت پارەیەکی کەم لە بنەماڵەکانیان دەستێنن؛ لە غەیری ئەوەدا هەر قوتابیەک بڕی ٢٠٠ هەزار تمەن پارە لێوەردەگرن.

مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ "مێهروڵڵا ڕەخشانی مێهر"، سەرۆکی ڕێکخراوی نۆژەنکردنەوە، گەشەپێدان و تەیارکردنی قوتابخانەکانی ڕێژیمی ئێران لە پرێسکۆنفڕانسێکدا باسی لەوە کرد، ٢٧ لەسەدی قوتابخانەکانی ئێران لە بواری بیناسازییەوە وەک داڕماو ئەژمار دەکرێن.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ٣٦ هەزار میلیارد بوودجەی بۆ ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی بۆ بەشی پەروەردە تەرخان کردووە، که بەبەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو، ٤ هەزار میلیارد کەمتره.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا دابین نەکردنی بودجەی پێویست بۆ قوتابخانەکانی کوردستان، تێچووی بەڕێوەبەریی قوتابخانە و پێویستییەکانی خستووەتە سەر بنەماڵەی قوتابیان.

بەهۆی گوشاری ئابووری، کەمیی داهات و هەژاری زۆربەی بنەماڵەی قوتابیان ناتوانن ئەو پارە نەختییە دابین بکەن و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەیکە قوتابیانی قوتابخانەی گوندەکانی ناوچە کوردنشینەکان لەگەڵ مەترسیی دەرکران لە قوتابخانە و بێبەش کردن لە خوێندن، بەرەوڕوو ببنەوە.

وەرگرتنی پارەی نەختی لە قوتابیانی قوتابخانەکانی کوردستان لە حاڵێکدایە کە رێژیمی ئێران دارایییە ماڵییەکانی گرووپە تێرۆریستییەکان دابین دەکات.