کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قوتابییان بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەوە واز لە خوێندن دێنن

11:07 - 8 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: ڕووخانی پردی پێوەندیی ٣٧ گوندی پارێزگای خووزستان، کێشەی بۆ خەڵک ساز کردووە و هەر بەم هۆیەوە، ژمارەیەکی بەرچاو لە قوتابییانیش وازیان لە خوێندن هێناوە.

هەواڵە بڵاوکراوەکان باس لەوە دەکەن کە ژمارەیەکی بەرچاو لە قوتابییانی پارێزگای خووزستان، بەهۆی ڕووخانی پردێکەوە کە ڕێگای پێوەندیی ٣٧ گوندی ئەم پارێزگایە لە شارستانی "باویـ"ـیەیە، بە ناچاری وازیان لە خوێندن هێناوە.

قوتابییانی ئەم گوندانە بۆ ئەوەی کە بتوانن درێژە بە خوێندن بدەن دەبێ بە بەلەم، هاتوچۆ بکەن کە هەر ئەمەش بووەتە هۆی وازهێنانی زۆربەی ئەم قوتابییانە لە خوێندن، چونکە ئەگەری وەرگەڕانی بەلەمەکان و خنکان لەنێو ئاوەکەشدا لە ئارادایە.

هەواڵدەریی "ئیلنا"ی سەر بە ڕێژیم لەمبارەوە ڕایگەیاندووە کە تەنیا لە یەک قوتابخانەی ئەم ناوچەیەدا، بە ڕێژەی ٢٠ لەسەدی قوتابییان، لە ترسی خنکان لەنێو ئاودا وازیان لە خوێندن هێناوە، ئەمە لە حاڵێکدایە کە ڕاپۆرتە مەیدانییەکان و وتەی خەڵکی ئەم گوندانە باس لە زیاتربوونی ئەم ڕێژەیە دەکەن.

فەرمانداری شارستانی "باوی" سەبارەت بەم کێشەیە هۆشداریی داوە کە بە دەستپێکردنی شەپۆلی باران بارینەکان لە ئەمساڵدا، ئەگەری ڕوودانی حاڵەتگەلی دڵتەزێن زۆرە بەڵام بەم حاڵەشەوە تاکوو ئێستا لە لایەن ناوەند و دەزگا پێوەندیدارەکانی ڕێژیمەوە هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و نۆژەنکردنەوەی پردی پێوەندیی نێوان ئەو گوندانە، نەدراوە.