کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قوتابییانی قوتابخانەی ناوەندیی نێ، ناڕەزایەتییان دەربڕی

11:21 - 16 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: قوتابییانی قوتابخانەی ناوەندیی نێ، بە نووسینی دروشم، لە نێو پۆلەکەی خۆیاندا ناڕەزایەتییان دەربڕی.

ڕۆژی دووشەممە، ١٤ی خەزەڵوەری ٩٧ی هەتاوی، قوتابییانی قوتابخانەی ناوەندیی گوندی نێ، سەر بە شاری مەریوان، لەمەڕ دۆخی خراپیی پۆلەکەی خۆیان ناڕەزایەتییان دەربڕی.

ئەم قوتابییانە بە نووسینی دروشمی " ئێمە سەرمامانە" لەسەر پەڕەی کاغەز، ناڕەزایەتیی خۆیان لە هەمبەر ساردبوونی کلاسەکەیان دەربڕی.

بە وتەی یەکێک لە مامۆستایانی ئەم قوتابییانە، ساڵی ڕابردووش دۆخی ئەم قوتابخانەیە هەروا نالەبار بووە.

ئەو مامۆستایە لە وەسفی ئەو قوتابخانەیەدا وتوویەتی: "ساڵی ڕابردوو ئەم قوتابخانەیە بۆ من لە زیندان خراپتر بوو؛ هیچ ئێمکاناتێکی نەبوو؛ بەڵام بزەی منداڵەکان ئەم زیندانەی بۆ من خۆش کردبوو".

هەروەها وتووویەتی: "ئەم قوتابییانە ئەمساڵ تاقەتیان نەهێنا و ناڕەزایەتییان دەربڕی؛ بێگومان ناڕەزایەتیی لە دەروونیاندا دەروونی بووەتەوە".

زۆربەی قوتابخانەی گوندەکانی کوردستان دۆخیان باش نییە و بە هاتنی وەرزی سەرما و سۆڵە تووشی کێشەی زۆر دەبن و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانیش هیچ ئاوڕێک لە دۆخی قوتابی و قوتابخانەکان نادەنەوە.