کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەرزەکانی دەوڵەتی ڕوحانی بە بانکی ناوەندی ٣٧% زیادیان کردووە

17:02 - 23 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: لە ماوەی ٥ مانگدا ڕێژەی قەرزەکانی دەوڵەت بە بانکی ناوەندیی ڕێژیم، ٣٧% زیادیان کردووە و گەیشتووەتە ٦٣.٨ هەزار میلیارد تمەن.

لە حاڵێکدا کە حەسەن ڕوحانی پێشتر ڕایگەیاندبوو ئەگەر دەوڵەتێک قەرز لە بانکی ناوەندی وەربگرێت ئەوە نیشانەی لاوازی ئەو دەوڵەتەیە، دوایین ئامارەکانی بانکی ناوەندی دەری دەخەن کە تەنیا لە ٥ مانگی ڕابردوودا ئاستی قەرزەکانی دەوڵەت بەم بانکە ٣٧% زیادی کردووە.

حەسەن ڕوحانی لە ٥ی سەرماوەزی ساڵی ٩٢دا لە ڕاپۆرتی سەد ڕۆژەی کارکردی دەوڵەتەکەیدا وتبووی: یەکێک لە هۆکارەکانی هەڵاوسان و نەخدینەیی زۆر لە ئێراندا قەرزوەرگرتنی کەڵانی دەوڵەتەکانی پێشوو لە بانکی ناوەندی بووە.

هەروەها لە ١٨ی خاکەلێوەی ساڵی ٩٣ ڕایگەیاندبوو: میوەی قەدەغەکراوی دەوڵەتی یازدەیەم بریتی دەبێت لە قەرزوەرگرتن لە بانکی ناوەندی، بەڵام وادیارە هەلومەرجەکە ناوبراویشی ناچار کردووە دەم بۆ میوە قەدەغەکراوەکە بەرێت.

ئەم بەرزبوونەوەی ئاستی قەرزانە لە بانکی ناوەندی و باقی بانکەکانی ئێران لە کاتێکدایە کە ڕێژەی داهاتی دەوڵەت لە ڕێگەی نەوت و داهاتە ماڵیاتییەکان بەبەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو، گەشەی ١٦%ی بەخۆوە بینیوە، کەواتە چ شتێک هاتۆتە ئاراوە کە دەوڵەت ناچار بووە لەبری کەڵکوەرگرتن لە داهاتە نەوتی و ماڵیاتییەکان قەرز لە بانکی ناوەندی وەربگرێت؟

بەپێی پێشبینییەکان لە مانگی داهاتووەوە کە تەحریمەکانی ئامریکاش بەکردەیی دێنە ئاراوە، داهاتە ئەرزییەکانی رێژیم دادەبەزن و دەوڵەت لەگەڵ کەمیی بودجەی زیاتر بەرەوڕوو دەبێتەوە کە ئەمە رەوتی قەرزوەرگرتنەکانی دەوڵەتیش زیاتر دەکات، ئەمەش لە شوێنی خۆیدا دەبێتە هۆی زیاد بوونی هەڵاوسان.