کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی ئابووریی کارخانەکان و دەرکردنی کرێکاران هەروا درێژەی هەیە

10:26 - 6 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: قەیرانی ئابووریی کارخانەکانی ئێران هەروا درێژەی هەیە و خاوەن کارخانە و کارگەکانیش بۆ پاراستنی کارەکەیان دەستییان کردووە بە دەرکردنی کرێکاران.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا ١٠٠ کرێکاری کارخانەی "مخازن" لە ژێر گوشاری "کاووش" و لوولەسازی "ماهشەهر" بە هۆی کێشەی ئابوورییەوە لە کارەکانیان دەرکران، دەرکرانی ئەم ١٠٠ کرێکارە لە کاتێکدا ڕوویداوە کە ئەم کارخانەیە تەنیا ١٥٠ کرێکاری هەبووە.

هەر یەک لەم کرێکارە دەرکراوانە لانیکەم ١٤ ساڵ پێشینەی کارکردنییان هەبووە، بەڵام لەگەڵ تەواوبوونی گرێبەستەکانیان لە مانگی بەفرانبار پێیان ڕاگەیێندراوە کە گرێبەستەکانیان بۆ تازە ناکرێتەوە و لە کار دەرکراون.

کرێکارانی ئەم کارخانەیە ڕایانگەیاندووە، کە لەگەڵ دەسپێکردنی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکا کێشە داراییەکانی ئەم کارخانەیەش دەستی پێکردووە.

هاوکات لەگەڵ دەرکرانی ئەم کرێکارانە لە قەزوین، ١٠٨ کرێکاری دیکە لە کارخانەی لوولەسازی ماهشەهر لە پارێزگای خوزستان بەهۆی کێشەی ئابوورییەوە لەسەر کار دەرکراون.

هەروەها هەر لەم حەوتووەدا "وەحید شیخی" ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی هەناردەکردنی بەرهەمە نەوتیی، گاز و پێترۆشیمییەکان ڕایگەیاندووە کە کارخانەکانی دروستکردنی قیر داخراون. لەگەڵ داخرانی ئەم کارخانانەدا بە سەدان کەس بێکاربوون.

لەلایەکی دیکەشەوە حسەین میرباقری سەرۆکی یەکیەتیی فرۆشیارانی کاغەز ڕایگەیاندووە: لە کۆی ٦٠٠ یەکەی سێنفی چالاک  لە کەرتی بەرهەمهێنانی کاغەز، ١٠٠ یەکە بە تەواوەتی داخراون و وێدەچێ لە داهاتوویەکی نیزیکدا ئەم ڕێژەیە دووبارە بەرز ببێتەوە؛ بەشێک لە چالاکانی ئەم بیاڤە دەڵێن یەکێک لە هۆکارەکانی داخرانی یەکە بەرهەمهێنەرەکانی کاغەز بریتییە لە نەکڕینی کاغەز لەلایەن نیهادگەلی وەک وەزارەتی ئیرشاد و وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان کە لەباتی کەڵکوەرگرتن لە کاغەزی بەرهەمی ناوخۆ کەڵک لە کاغەزی هاوردەکراو وەردەگرن.

کرێکاران لە کاتێکدا لەسەر کارەکانیان دەردەکرێن، کە بەشێکی زۆریان موچەی چەند مانگێکیان وەرنەگرتووە وخاوەن کارەکانیشیان لەکاتی "تسویە حساب"دا توانای پێدانی موچە نەدراوەکانی کرێکارانیان نییە و ئەمەش بۆ کرێکاران دەبێتە کێشە.

دەرکرانی کرێکاران لە کارەکانیان و داخرانی کارخانەکان، دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی بێکاران و لەپاڵیشیدا دیاردەی هەژاری بەرزتر دەبێتەوە، چونکە لەگەڵ دەرکرانی کرێکاران لە کارەکانیان هاوکات بنەماڵەکانیان سەرچاوەی دابینکردنی بژێوی ژیانیان لەدەستدەدەن، هەروەها دەتوانین بڵێین دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی نەخوێندەواری و زۆرێک لە قوتابیان بەهۆی نەتواناییان بۆ دابین کردنی پێداویستی و کەلوپەلەکانی قوتابخانە واز لە خوێندن دەهێنن.