کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لابردنی بەرپرسانی ڕێژیم لە دوای مانگرتنی سەرتاسەریی کوردستان

13:32 - 26 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیم لە کردەوەیەکی هاوشێوە، فەرمانداری شارەکانی مەریوان، بۆکان و مەهابادی لە پۆستەکەیان وەلا نا.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، محەمەد شەفیعی، فەرمانداری مەریوان لە پۆستەکەی وەلانرا، ناوبراو لە ڕێبەندانی ٩٥ی هەتاوی، وەکوو فەرمانداری مەریوان دیاری کرابوو و لە ئاگادارێک لە لایەن پارێزگاری سنە پۆستەکەیان لێ وەرگرتووەتەوە.

هەندێک سەرچاوەی ئاگادار باسیان لەوە کردووە، هۆکارەکانی لابردنی شەفیعی لە پۆستەکەی ئەوە بووە، کە نەیتوانیوە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی مەریوان سەرکوت بکات، بەتایبەت پێش بە مانگرتنی سەرتاسەری لە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢١ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی بگرێت.

لەسەر داوای حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بۆ نارەزایەتیدەربڕین بە نیسبەت ئێعدامی سێ چالاکی سیاسی و مووشەکبارانی کەمپەکانی حیزبی دێموکرات لە باشووری کوردستان، کە شەهیدبوونی ١٥ کەس و زیاتر لە ٤٠ برینداری لێ کەوتەوە، مانگرتنی سەرتاسەری لە ڕۆژهەڵات ڕاگەیندرا.

لە کردەوەیەکی هاوشێوە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، دوابەدوای مانگرتنی شارەکانی کوردستان، فەرمانداری شارەکانی بۆکان و مەهاباد پۆستەکەیان لێ وەرگیراوەتەوە.

ڕێژیمی ئێران دوای چالاکییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات، بە هەڵبژاردنی ئەو بەرپرسانەی کە بۆ ڕێژیم جێی متمانە بوون، دەیەویست باردۆخەکە کونتڕۆڵ بکات، بەڵام یەکگرتووییی خەڵکی کوردستان و متمانە بە حیزبەکانیان، بووە هۆی ئەوی کە بەرنامەکانی ڕێژیم تێک بچێت و هەر بۆیەش دەستی بە دانانی بەرپرسانی نیزامی کردووە.