کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لاوان لە چوارچێوەی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێراندا

10:39 - 4 پووشپەڕ 2719

ئاسۆ مێنبەری

یەکێک کە کاریگەرترین توێژەکانی کۆمەڵگا کە ڕۆڵێکی گرینگ و ئەرێنی لە داهاتووی هەر کۆمەڵگا و وڵاتێکدا دەگێڕن، توێژی لاوانن.

لاوان وێڕای ئەوەی کە هێزێکی شوێندانەر و کاریگەری کۆمەڵگان، لە هەمان کاتیشدا توێژێکی زۆر هەستیارن چونکە بە پێی پێوەرەکانی تەمەن و کەمبوونی ئەزموونی ژیان ڕەنگە تووشی کۆمەڵێک خەسار و کێشە بن کە ڕەنگە قەرەبووکردنەوەیان زۆر ئەستەم بێت و ماوەیەکی زۆریش بخایێنێت.

دیارە گرینگیدان بە توێژی لاوان لە کۆمەڵگاگەلی پێشکەوتوودا جیاوازی زۆری لەگەڵ کۆمەڵگاکانی لە حاڵی پێشکەوتندا هەیە، چونکە بە پێی پێوەرەکانی ژیانی ئازاد و هەروەها ئێمکانات و ئێمتیازەکانی ژیان، دوو کۆمەڵگای لە یەک جودان.

ڕەنگە بەراوردکردنی ژیانی لاوان لە وڵاتە جۆراوجۆرەکاندا کارێکی درووست نەبێت بەڵام ئاگادار بوون لە دۆخی ژیانی ئەم توێژە لە وڵاتانی جۆراوجۆردا دەتوانێ بەرچاوڕوونییەک نەک بۆ کۆچ کردن بەڵکوو بۆ هەوڵدان بۆ پێشکەوتن لە لاواندا بێت.

لاوان کەسانێکن کە زیاتر دەکەونە بەر کاریگەری بیری کەسانی دیکەوە، چونکە لە لایەکەوە هێشتا هەندێ حەزی منداڵیان لەگەڵدا ماوە و پێیان خۆشە شوێنکەوتووی کەسانی دیکە بن و نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستە لە سەربەخۆیی تاکەکەسی کە بتوانن تەنیا بن ،هەندێ جاریش هەست بە گەورەبوون دەکەن و ئەیانەوێ بڕیاردەری ژیانی خۆیان بن جا درووست و چ هەڵە.

سازماندانی بیری لاوان یەکێک لە قورسترینی ئەو کارانەیە کە لە چوارچێوەی کۆمەڵگادا دەکەوێتە سەر شانی بنکەکانی پەروەردە و هەروەها بنەماڵە، چونکە ئەوە بنکەی پەروەردەیە کە ئەتوانێ بە مەبەستی پیادەکردنی سیاسەتەکانی دەسەڵات کاریگەریی ئەرێنی یان نەرێنی لە سەر تاکەکان دابنێت.

بایەخدان بە تویژێکی کارا وەکوو لاوان، دەبێ یەکێک لە گرینگترین ئەرکەکانی دەسەڵات لە هەر کۆمەڵگایەکدا بێت چونکە لاوان سەرمایە بۆ داهاتوون و داهاتوو لە سەر دەستی ئەوان و تواناییەکانیان دەتوانێ سەرکەوتن بەدەست بێنێت و پێشکەوێت. سەرکەوتنی کۆمەڵگا لە گرەوی سەرکەوتنی لاواندایە چونکە  پۆتانسیێل و توانای لاویەتی و غروورێکی تازە خولقاو لە مێشکی لاودا تەنیا سەرکەوتن پێناسە دەکات و لاو بە هەموو توانایەوە شەڕ بۆ ئەو سەرکەوتنە دەکات.

بایەخدان بە هێزی هزر و جەستە و ئاوەزی لاوان ئەتوانێ لە تێپەڕکردنی پلەکانی سەرکەوتنی کۆمەڵگادا ڕۆڵی کاریگەریی هەبێت، لاوان وەکوو کاتالیزۆرێک ئەتوانن بە وەگەڕخستنی توانا و لێهاتوویی خۆیان کۆمەڵگا بەرەو ئاقارێک ببەن کە تووشی سەرکەوتنێکی گەورە و لەهەمان کاتیشدا بەرچاوی بکەن، جا لەم پێناوەشدا خۆیان تەنیا ئەزموونیان زیاد کردووە و قازانجیشیان بە کۆمەڵگا گەیاندووە،  تەنیا شتێک کە لەم پێناوەدا پێویستە ئەوەیە کە هەستی باوەڕبەخۆبوون بۆ لاوان بگەڕێندرێتەوە و ئەو هەستەیان تێدا درووست بکرێت کە بوونیان لە پرسەکانی کۆمەڵگادا گرینگ و چارەنووسسازە.

دۆخی ئێستای کۆمەڵگای ئێران و ئەو هەموو گوشارە ئابووری و کۆمەڵایەتی و دەروونییانەی کە ئێستاکە لاوان لەگەڵیان بەرەوڕوون وای کردووە کە لاوان خەریکی تێپەڕاندن یان مانەوە لە قەیرانێکی قووڵدا بن کە ڕەنگە بەم زووانە لە کۆڵیان نەبێتەوە. هەر ئەم قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتی و دەروونیانە وایان کردووە کە ڕەوتی پێشکەوتنی لاوان لەگەڵ خاوییەکی زۆر بەرەوڕوو بێتەوە و لاوان لەگەڵ دیاردەگەلێکی دەروونی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و فەرهەنگی بەرەوڕوو ببنەوە کە زیاتر لە ئاستی چاوەڕوانییەکان بێکاری، نەبوونی متمانە بە داهاتوو، خووگرتن بە مادەی هۆشبەر، هاوسەرگیری زۆرەملێ، هەژاری و قەیرانی شوناسی لێبکەوێتەوە کە ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەم چەشنە قەیران و دیاردانە خۆی پێویستییەکی زۆری بە کات و دانانی بەرنامە و پلانی ڕێکوپێک وتۆکمە لە کۆمەڵگادا هەیە.

کۆمەڵگای ئێران کۆمەڵگایەکی ئاخێنراو لە کێشە و گرفتەکانە کە سەرەڕۆیی و ملهوڕی دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی حاکم بە سەریدا زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە خەڵکی ئەم کۆمەڵگایەی لەگەڵ کێشە و گرفت بەرەوڕوو کردووەتەوە، دەسەڵاتدارانی تاران بە درێژەدان بە کردەوەکانی خۆیان و گوێ نەدان بە وڵاتانی دیکە و درێژەدان بە کردەوەی تیرۆریستی و هەروەها لە ڕاستای بەرەوپێش بردنی سیاسەتی پاکتاوکردنی گەلانی بندەستی ئێران و هەروەها بەرەوپێشبردنی بەرنامەی ناوکی و تاقیکاریی مووشەکی بالستیکی و بە دەیان کردەوەی دیکە، زیاتر لە جاران خەڵکیان خستووەتە ژێر گوشارەوە چونکە ئەمە واقعیەتێکی ڕووتە کە گوشارەکانی ئامریکا بە وەگەڕخستنەوەی گەمارۆی قۆناغ به قۆناغ و هەروەها گوشاری وڵاتانی دیکەی جیهان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران زۆرتر بە زەرەری خەڵکی بێدەرەتانی ئەو کۆمەڵگایەیە، چونکە مێژووی ٤٠ ساڵەی کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتدارانی ڕێژیمەکەی نیشان دەدات کە سامان و داهاتی خەڵکی ئێران تەنیا و تەنیا لە دەستی حاکمانی سەرەڕۆدا کۆکراوەتەوە و گوشاری زۆرتر لە بواری ئابوورییەوە هیچ کاریگەرییەکی لە سەریان نابێت، وەک دەڵێن "کەی تێر ئاگای لە برسییە"؟

دۆخی نالەباری ئابووریی ئێران و گرانبوونی لەڕادەبەدەری کەلوپەل و شتومەکی خواردەمەنی و هەروەها نەبوونی کار و کەمبوونی داهات، لەو کێشە سەرەکییانەن کە ئێستا کۆمەڵگای ئێرانیان تەنیوە و لەم دۆخەدا ئەوەی کە لاوان بیری لێ دەکەنەوە تەنیا و تەنیا ئەوەیە کە لە برساندا نەمرن نەک ئەوەی کە بیر لە بنیاتنانی داهاتوو بکەنەوە، بە واتایەکی تر دۆخی کۆمەڵگای ئێران هەستی هیوا بە داهاتووی لە نێوان هەموو تاکەکان و بەتایبەت لاواندا کوشتووە؛ ئەگەر جاران لە بەر دۆخی خراپی ئابووری گوێبیستی هەواڵی دەرچوونی مێشکەکان یان "فرار مغزها" بووین ئێستاکە هەر هەواڵ، هەواڵی خووگری و خۆکوژی و مەرگە!

لاوان لە کۆمەڵگاکانی جیهانی سێهەمدا هەمیشە لەگەڵ نەهامەتی و دواکەوتوویی بەرەوڕوون، سەرکەوتن لە خەونەکانیاندا دەبینن و ئاواتەکەی لەگەڵ باقی جوانییەکانی ژیانیان دەنێژن.

دیارە لێرەدا ڕەخنەی سەرەکی لە دەسەڵاتە چونکە ئەوە دەسەڵاتە کە ئەبێ بە بایەخدان بە توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا و بەتایبەت لاوان کە پۆتانسیێل و هێزی گۆڕان و خولقاندنی جیاوازییەکانیان تێدایە، هەوڵی ناسینی لێهاتوویەکان بدات و بە باشترین شێوە کەڵک لە تواناکانیان وەربگرێت، ئەوە دەسەڵاتە کە ئەرکی درووستکردنی دەرفەتی یەکسانی دادپەروەرانەی بۆ تاکەکان لەئەستۆیە و ئەبێ هەوڵی پێشکەوتنیان بدات.

ڕوونە کە کۆماری ئیسلامی، دەسەڵاتێکی ئیدئۆلۆژیکی چەقبەستوویە کە تەنیا خەریکی پاراستنی بەرژەوەندیی ئاخوندەکانی جەمارانە و تەنیا شتێک کە لە چوارچێوەی یاسا و ڕێساکان و ئامانجەکانیدا جێگای نییە خەڵکن، هەر بۆیە چاوەڕوانی کردنی گۆڕان لەو کۆمەڵگایەدا شتێکی دوور لە ڕاستییە و هیچکات نایەتە دی.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.