کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لووتکەی گەرمی

00:53 - 16 گەلاوێژ 2719

کەریم پەرویزی

١٥ی گەلاوێژ بە پێی حیسابی ژمارە دەبێتە نیوەی هاوین و بە پێی ئەستێرەناسیی کوردی، کاتی هەڵهاتنی ئەستێرەی گەلاوێژە کە گەرمیی هاوین لە لووتکەدایە و لەوە بەدوا بەرەو داکشان دەچێ.

گەرمای سروشت، لە مێژووی سیاسیی کورددا پێچەوانەی گەرمای سیاسەت بووە. رێک وەکوو بڵێی شاخێکی بەرز وێنەکەی کەوتبێتە نێو دەریایەکی پەنای شاخەکە. لووتکەی شاخەکە لە نێو ئاوەکەدا قووڵترین خاڵە و داکشان لە شاخ، زایەڵەکەی لە نێو ئاوەکەدا هەڵکشانە بەرەوە بەرزایی!

ساڵی ١٣٢٤ هەتاویی لە کاتی داکشانی گەرمای هاویندا، سیاسەتی کوردستان رووی لە هەڵکشان نا. لە ٢٥ی گەلاوێژدا پێشەوای کورد، حیزبی دێموکراتی کوردستانی دامەزراند و هەرچی گەرمای سرووشت کەمتر دەبوو، گەرمای سیاسەتی کوردستان زۆرتر و زۆرتر هەڵدەچوو. چالاکیی حیزبی دێموکرات زۆرتر دەبوو و لە مانگەکانی دواییدا هێزی پێشمەرگەی دامەزراند و دوایین ئاسەواری دەسەڵاتی نیزامیی لە مەهاباد سڕییەوە. رێک ١٥٩ رۆژ دوای دامەزراندنی حیزبی دێموکرات و ٦ مانگ دوای لووتکەی گەرمای هاوین، لە لووتکەی سەرمای سروشتدا، گەرمای سیاسەتی کوردستان گەیشتە لووتکە و کۆماری کوردستان دامەزرا.

لە ساڵی ١٣٩٨ی هەتاویداین و ١٥ی گەلاوێژ هاتەوە و گەرمای سروشت گەیشتە لووتکە و لێرەبەدواوە بەرەو داکشان دەچێ.

هێما و نیشانەکانی سیاسەت لە ئێران و لە کوردستاندا پێمان دەڵێن کە بەپێچەوانەی رەوتی گەرمای سروشت، گەرمای سیاسەت روو لە هەڵکشان دەنێ.

کۆماری ئیسلامی دەیەوێ سیفرەکانی سەر دراو لاببا، نیشانەی قەیرانێکی قووڵی ئابوورییە کە هەر ئان و سات ئەگەری تەقانەوەی هەیە. هەر لە ناوچە و جیهانیشدا وردە وردە کێشە و گرفتەکانی کۆماری ئیسلامی زۆرتر و زۆرتر دەبنەوە و لە بواری نیزامییەوە تەنگی پێ هەڵدەچنرێ و لە بواری سیاسی و دیپلۆماتیکیشەوە کۆڕ و کۆبوونەوەی سیاسیی زۆرتر دەگیرێ و هاوپێوەندیی زۆرتر بەدژی رێژیمی تاران پێک دەهێنن.

لە ئاستی نێو ئێرانیشدا کۆماری ئیسلامی خەریکی گەرمکردنی بازاڕی بەناو هەڵبژاردنی مەجلیسە و هەموو مۆرەکانی وەگەڕ خستووە تاکوو هەڵبژاردنێکی گەرموگوڕی بۆ دابین بکەن و رەوایی ناڕەوای بۆ دەست بخەن.

بەڵام ئەمجارە رەنگە ئەم هەڵبژاردنە بەو شێوەی کە کۆماری ئیسلامی دەیەوێ بۆی سوورەداخ نەکرێتەوە، بەڵکوو گەرماکەی زۆر بەتینتر لەوە بێ کە بیری لێ دەکاتەوە.

رەنگە خەڵکانی ئێران وەها تووڕە بن لەم رێژیمە کە نەک لە هەڵبژاردنەکانیدا بەشداری نەکەن، بەڵکوو کۆڕو کۆبوونەوەکانی هەڵبژاردن ببن بە بیانوو و دەسپێکێک بۆ وەگەڕخستنەوەی خۆپیشاندان و سەرهەڵدانی سەرتاسەری لە ئێراندا. رەنگە تەنانەت نەگاتە هەڵبژاردنیش!

ئەم چەند مانگەی داهاتوو قەیرانەکان قووڵتر و گوشارەکان فراوانتر دەبن و لەگەڵ داکشانی گەرمای سروشتدا، سیاسەت لە ئێراندا گەرمتر دەبێتەوە. ئایا لووتکەی سەرمای سروشت دەبێتە گۆڕستانی هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی؟