کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لیستەی زیندانییانی سیاسیی زیندانی ورمێ بڵاو کرایەوە

11:40 - 18 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: لیستەی زیندانییانی سیاسیی زیندانی ورمێ بڵاو کرایەوە و بەپێی ئەو لیستە ٧٠ زیندانیی سیاسی، لە بەندی ١٢ی زیندانی ورمێدان.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، ٧٠ زیندانیی سیاسی، لە بەندی ١٢ی زیندانی ناوەندیی ورمێدا ڕاگیراون و ئەو زیندانییانە لە دادگاکانی ڕێژیمدا، بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی، پڕۆپاگەندا، دژی نیزام و ئەندامیەتی یا لایەنگری لە یەکێک لە حیزبەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر کراون.

"عوسمان مستەفاپوور"، دێرینەترین زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا ڕاگیراوە.

لیستەی ٧٠ کەس لە زیندانییانی سیاسی، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ، لە لایەن یەکێک لە بەرپرسانی زیندانی ئەو شارە بڵاو کراوەتەوە.

ئەو لیستە لە ڕێکەوتی ١٨ی ڕێبەندان چاپ و بۆ ڕێکخراوی زیندانەکان، ئیقداماتی ئەمنییەتی و تەربییەتی لە ئێرندا بەڕێ کراوە.

هەندێک لەو کەسانە کە لەو لیستەدا ناویان هاتووە، بە دانانی بارمتە ئازاد کراون یا وەبەر لێبووردنی دەزگای قەزایی کەوتوون.

زیندانی ناوەندیی وەرمێ، ١٣ بەندی هەیە و ساڵی ١٣٤٨ی هەتاوی دامەزراوە کە لەسەر ڕێگای دەریا هەڵکەوتووە.