کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبووردنی نێونەتەوەیی ڕەخنەی لە بێدنگیی کۆمەڵگای جیهانی گرت

19:15 - 6 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی "بێ سەروشوێنبووان"، بە نیسبەت چارەنووسی کوژراوانی ساڵی ٦٧ی هەتاویی ئێران، هاتە دەنگ.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە بەرەبەری ڕۆژی جیهانیی "بێ سەروشوێنبووانـ"دا، ڕاپۆرتێکی لەسەر ئێعدامەکانی ساڵی ٦٧ی ئێران بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ڕەخنەی لە کۆمەڵگای جیهانی گرتووە.

ئەو ڕێکخراوەیە لە بەیانییەیەکدا لەژێر ناوی ''جیهان چاوی خۆی لە بەرامبەر کارەساتی ئێعدامە بەکۆمەڵەکان و بێ سەروشوینکراوانی ساڵی ٦٧ لە ئێران بەستووە''، ڕەخنەی لە کۆمەڵگای جیهانی گرتووە.

لەم بەیانییەیەدا جەخت کراوە کە نزیکانی ئەم کەسانەی کە لە ساڵی ٦٧ لە زیندانەکاندا کوژراون هەتا ئێستا لە دەرد و ئازاردان.

"فیلیپ لوتێر''، بەڕێوەبەری بەشی لێکۆڵینەوەکانی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئافریفادا، لەم بارەوە دەڵێت: "ئەمانە و زۆرێک کەسانی دیکەش که بەدوای تەرمە بێ سەروشوێنکراوکاندا دەگەڕێن، هەتا ئێستا لە بێعیداڵەتیی سیستمی قەزایی ڕێژیمی ئێران ئازار دەچێژن".

لێبووردنی نێونەتەوەیی بە ئاماژەدان بە ڕاپۆرتی ٣٠٠ لاپەڕەیی خۆی کە لە ساڵی ٢٠١٨ بڵاو کرایەوە لەبارەی ئێعدامەکانی ئێران جەختی کردووەتەوە کە مەرگی هەزاران قوربانی هەتا ئێستا تۆمار نەکراوە و لە شوێنە جیاجیاکانی ئێراندا نێژراون. 

ئەم ڕیکخراوە مافی مرۆییە جەختی کردووەتەوە کە ئێعدامەکانی ساڵی ٦٧، جینایەتێکە کە دۆسیەکەی هەتا ئێستا کراوەیە.

ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی، هەزاران چالاکی سیاسی و کەسانی ئازادیخواز و جیابیر، لە لایەن ڕێژیمی جینایەتکاری ئیسلامیی ئێران لە زیندانەکاندا ئێعدام کران.

ئەو ئێعدامانە بە دوای فەرمانی خومەینی بۆ پێکهێنانی هەیئەتێکی چوار کەسی کە بە هەیئەتی مەرگ ناسرا، بۆ پێداچوونەوە بە دۆسیەی زیندانییانی سیاسی کە پێشتر زۆربەیان دادگایی و بە زیندان مەحکووم کرابوون، دەستی پێکرد.

ڕۆژی ٨ی خەرمانان، ڕۆژی جیهانیی ''بێ سەروشوێن کردنی زۆرەمڵێ'' بە چارەنووسی کەسانێک ئاماژە دەکات کە بێ سەروشوێن کراون. ئەوانە کەسانێکن کە لە ڕێژیمە دیکتاتۆرەکاندا، شەڕ، موناقشاتی سیاسی یان لە ڕەوتی کۆچکردندا بە هۆکاری نادیار بێ سەروشوێن کراون.