کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێپرسراوی گشتیی حیزب بەردەوامە لە ئەنجامدانی چالاکییە دیپلۆماتیکەکانی لە ئامریکادا

13:00 - 30 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: لە درێژەی سەفەرە دیپلۆماتیکەکانیدا، ڕێزدار لێپرسراوی گشتیی حیزب بەشداری لە پڕێس‌کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا کرد کە تایبەت بۆ ناوبراو ساز درابوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٩ی جۆزەردان بەرامبەر لەگەڵ ١٩ی ژوئەن، بەڕێز مستەفا هیجری لێپرسراوی گشتیی حیزب بەشداری لە پڕێس‌کۆفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا کرد کە لە ئەنستیتۆی کورد لە واشینگتۆن بەڕێوە چوو و تێیدا کۆمەڵێک ڕۆژنامە و دەزگای میدیایی بیانی و ئامریکایی ئامادە بوون.

لە سەرەتای کۆنفڕانسەکەدا بەڕێز هیجری کۆمەڵێک باس و بابەتی پێوەندیدار بە کوردستانی خستە بەرباس و دواتر ڕۆژنامەوانان و میدیاکاران پرسیارەکانیان ئاراستەی لێپرسراوی گشتیی کرد کە لەلایەن بەرێزیانەوە وڵام درایەوە.

لێپرسراوی گشتیی لە سەرەتای باسەکەیدا ئاماژەی بە دۆخی شپرزی ژیان لە ئێران بەتایبەت لەباری ئابوورییەوە کرد و ڕایاگەیاند کە ئەم ڕەوشە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خراپتر دەبێت؛ هەروەها باسی لەوە کرد کە گوشارەکانی ڕێژیم بۆ سەر خەڵک زیاتر بووەتەوە و ئێعدام و سەرکووت و زەبروزەنگ گەیشتووەتە چڵەپۆپەی خۆی و ئێرانییەکان ئەمڕۆکە هاتوونەتە سەر ئەو باوەڕەی کە ئەم ڕێژیمە هەڵگری ڕێفۆرم نییە و ناتوانێ چاکسازی لە خۆیدا بکات.

دواتر لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە مەبەستی ئێوە لە سەفەر بۆ ئامریکا چییە و دەتانهەوێ چ پەیامێک بە ئامریکاییەکان بدەن، بەڕێز هیجری وتی: ئێمە دەمانهەوێ بە ئامریکاییەکان بڵێین ئێوە چ بتانهەوێ چ نەتانهەوێ خەڵکی ئێران هەنگاو بۆ گۆڕین و ڕووخانیی ڕێژیم هەڵدێننەوە؛ خۆپیشاندانەکان، مانگرتنە جۆربەجۆرەکان تووندتر دەبنەوە و درووشم و داخوازەکانی خەڵک زیاتر ئاراستەی ڕووخاندنی ڕێژیمیان گرتووەتەخۆ؛ وتیشی ئێمە نامانهەوێ ئامریکا بچێت ڕێژیممان بۆ بڕووخێنێت یان بیگۆڕێت و هێرش بکاتە سەری بەڵکوو ئێمە داوامان ئەوەیە کە ئامریکا ئەو هەڵانەی کە لە سووریە کردی لە ئێراندا دووپاتی نەکاتەوە؛ لەمبارەوە شی کردەوە بەشدارنەبوونی ئامریکا و ڕۆژئاوا لە سووریە وای کرد کە سوریە ببێت بە جێگەیەکی گونجاو بۆ چالاکی ڕێژیمی تاران و هێزە تێرۆریستییەکان و لە کۆتاییدا سوریە بەرەو ئەو ئاقارە بچێت کە ئێستا دەیبینین؛ بۆیە ئەگەر وڵاتە دێموکراتیکەکان لە ئێستادا بەشداری گۆڕانکارییەکانی ئێران نەبن ڕەنگە ئاقاری گۆڕان لە ئێرانیش بگۆڕدرێ و لە کۆنتڕۆڵی هێزە دێموکراتیکەکان بچێتە دەرێ.

دواتر هەواڵنێری فرانس‌پرێس پرسی ئێمە ئامریکامان بینی کە لە عێراق و سوریە کوردەکانی بەکار هێنا لەدژی داعش بەڵام لە کۆتاییدا خەیانەتی بە کوردەکان کرد و پشتیانی نەگرت. ئێوە چ گەرەنتییەک دەبینن کە ئامریکا بەشێوەی ئامرازی کەڵک لە ئێوەش وەرنەگرێت و لە نیوەی ڕێگەدا لەگەڵ ئێران ڕێک کەویت و پشتی ئێوە چۆڵ بکات؟ بەڕێز هیجری وڵامی دایەوە: ئێمە خەباتی خۆمان لەدژی کۆماری ئیسلامی زۆر پێش لەوەیکە ئەم بابەتانە بێتە ئاراوە دەست پێکردووە و بەردەوامیش دەبین؛ چ ئامریکا هەبێ و چ ئامریکا نەبێ ئێمە درێژە بە خەباتەکەمان دەدەین و واز لە ویست و داواکاری و ڕێگەکەمان ناهێنین. ئەو هێزەی کە ئێمە پشتی پێ دەبەستین تەنیا و تەنیا خەڵکی خۆمانە، نە یەک وشە زیاتر و نە یەک وشە کەمتر! ئەوەیکە ئێمە لێرە دەمانهەوێ بیکەین ئەوەیە کە فاکتەرە نێونەتەوەییەکان لەگەڵ خۆمان هاوڕا بکەین و بە شێوازێک کاریگەریمان هەبێ لەسەریان کە بە قازانجی ئێمە بجوڵێنەوە ئەگینا ئێمە قەت لە چوارچێوەی خەباتەکەماندا پشتمان بە ئامریکا نابەستین، وتیشی ئێمە وەک هێزێک سەیری ئامریکا دەکەین کە لە بەها گشتییەکاندا لەگەڵیان هاوبەشین بۆیە دەبێ یەک ئاقارمان هەبێ.

هەروەها لە یەکێکی دیکە لە چاوپێکەوتنەکانیدا بەڕێز هیجری دامەزراوەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین لە واشینگتۆنی بەسەر کردەوە کە تێیدا باسی لە دوایین گۆڕانکارییەکانی کوردستان و ئێران کرد و وتی: ئەوە زۆر گرینگە کە شێوە ڕوانینی ئێمە بۆ کوردستان و ئێران لێرە دەنگ بداتەوە چوونکە یارمەتیدەر دەبێت بۆ تێگەیشتنی دامەزراوە جۆراوجۆرەکان، تینکتەنکەکان و سیاسییەکانی ئامریکا لەهەمبەر کوردستان و ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناڤین.