کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێپرسراوی گشتیی حیزب لە دامەزراوەی هادسۆن وتارێکی پێشکەش کرد

11:31 - 23 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات لە یەکێک لە گرینگترین تینک‌تەنکەکانی ئامریکادا وتارێکی سەبارەت بە دوایین ئاڵوگۆڕەکانی ناوچە و داهاتووی ئێران و دۆزی کورد پێشکەش کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٢ی ژوئەن بەڕێز مستەفا هیجری لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای بەڕێز عەبدوڵا مۆهتەدی سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران وتارێکی لە دامەزراوەی هادسۆن پێشکەش کرد و تێیدا ئاوڕی لە دوایین ئاڵوگۆڕەکانی ناوچە، ئێران و کوردستان دایەوە.

بەپێی ئەم هەواڵە ڕێزدار هیجری لە ئاخاوتنەکەیدا کە بۆ کۆمەڵێک لە لێکۆڵەڕانی ئامریکایی کە لە چەندین ناوەندی گرینگی بڕیار لەم وڵاتە بەشدار بوون، باسی لەوە کرد کە باشترین ڕێگە بۆ کۆتایی هێنان بە هەڵسوکەوتی دیکتاتۆرانەی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆی وڵات و دەستێوەردانەکانی لە دەرەوەی سنوورەکانیدا، یارمەتی کردنی خەڵکی ئێرانە و پاڵپشتی کردنە لە خەباتی گەلی کورد.

هەروەها بەڕێز هیجری باسی لەوە کرد کە ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە کە ئەمە پۆتانسیەلێکی باش دەدات بە دەستەوە بۆ ئەوەی دێموکراسییەکی جێگرتوو لە ئێراندا دابمەزرێت و بوونی ئەو نەتەوانە دەتوانێ ببێتە دەسمایە و هۆکارێکی لەبار بۆ بەرەوپێشبردنی دێموکراسی لەم وڵاتەدا.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بەڕێز مستەفا هیجری باسی لە ڕۆڵی نێگەتیڤی تاران لە ناوچەکەدا کرد و ڕایگەیاند کە زۆر زۆر گرینگە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا یارمەتی کوردانی ئێران بدات بۆ ئەوەیکە بتوانن سەقامگیرییەکی باش لە ئێران و ناوچە دابین بکەن.

دامەزراوەی هادسۆن یەکێکە لە کاریگەرترین تینک‌تەنکەکانی ئامریکا بۆ پێکھێنانی سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە کە ناوەندەکەی لە واشینگتۆن‌دی‌سییە و کار لەسەر سیاسەتی دەرەکی ئامریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین دەکات.