کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات بە بانگهێشتی فەرمی گەیشتە واشینگتۆن

11:59 - 21 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: لەسەر داوای فەرمی دەوڵەتی واشنگتۆن، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و بڕیارە کۆمەڵێک دیدار و چاوپێکەوتنی هەبێ لەگەڵ لێپرسراوانی سیاسی ئەم وڵاتە.

رۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٠ی ژوئەنی ٢٠١٨ی زایینی بەرامبەر لەگەڵ ٢٠ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی بەڕێز مستەفا هیجری لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات کە بۆ سەفەرێکی دیپلۆماتیک سەردانی ئامریکای کرد لە فڕۆکەخانەی واشنگتۆن‌دی‌سی لەلایەن بەشێک لە ئەندامانی حیزب لە ئامریکا پێشوازی لێکرا.

ئارش ساڵح نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" وێڕای پشت‌ڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند: بەڕێز مستەفا هیجری لەسەر داوا و بانگهێشتی فەرمی دەوڵەتی ئامریکا ئەم سەفەرەی ئەنجام داوە و بڕیار وایە تێیدا وێڕای چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی ئەم وڵاتە چەند دیدارێکیش لەگەڵ نوێنەرانی کۆنگرە و سێناتۆرەکانی ئامریکا ئەنجام بدات.

ناوبراو وتیشی بەشێک لە سەفەری بەڕێز هیجری تەرخان دەکرێت بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ تینک‌تانکەکانی ئامریکا و میدیا و دەزگا ڕاگەیەندنەکانی ئەم وڵاتە تاکوو سەبارەت بە دۆزی کورد بەگشتی و کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بدوێ.

بەوتەی ناوبراو بەشێکی دیکە لە سەفەری بەڕێز هیجری بریتییە لە بەشداری کردن لە چەندین کۆڕی سیاسی کە بۆ ناوبراو ڕێک دەخرێت.