کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات: پێشمەرگە پاڵپشتی خەباتی شارە

15:12 - 1 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات لە میانەی دیدارێکی تەلەفزیۆنیدا باسی لە ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و خەباتی مەدەنی لە شارەکانی کوردستان کرد.

شەوی ٣١ی جۆزەردان بەڕێز مستەفا هیجری لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە میانەی دیدارێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ "دەنگی ئامریکا" باسی لە کێشە و گرفتە ئابوورییەکانی گەلی کورد و سیاسەتەکانی ڕێژیمی تاران بۆ قڕکردنی ئەم گەلە بە داخستنی سنوورە کۆڵبەرییەکان کرد.

هەر لەم چاوپێکەوتنەدا و لە وڵامی ئەو پرسیارەی کە بەرنامەی حیزبی دێموکرات لە ئێستادا چییە؟ بەڕێز هیجری وتی: چالاکییەکانی ئێمە لە ئێستادا کارکردنە لەسەر خەباتی مەدەنی خەڵک لە نێو شارەکاندا و هەروەها چالاکی پێشمەرگەکانمان لە نێوخۆی کوردستان تاکوو بتوانێ ببێتە پاڵپشتێکی بەهێز بۆ خەباتی مەدەنی لە شارەکاندا.

لە پرسیارێکی دیکەشدا سەبارەت بە دەوری حیزبی دێموکرات لە ناڕەزایەتی دەربڕینەکانی چەند مانگی ڕابردوو لە کوردستان بەتایبەت لە شارە سنوورییەکاندا بەڕێز هیجری ڕایگەیاند کە ئەگەرچی هەر کام لە حیزبەکانی کوردستانی ئێران نەخشی خۆیان گێڕا، بەڵام دەور و سەنگی حیزبی دێموکرات بۆ سازماندانی باشتر و زیاتری خەڵکی ناڕازی بەرچاوتر و کاریگەرتر بووە.