کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات، پەیامێکی ڕوو لە کوردانی تاراوگە بڵاو کردەوە

11:43 - 21 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: "مستەفا هیجری"، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، به بۆنەی بەشداریی ئەندامان، لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکرات، نووسەران، هونەرمەندان، شاعیران، کوردانی بەشەکانی دیکەی کوردستان، حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و ئێران، کەسایەتییە سیاسییەکانی ئێرانی و بیانی و میوانانی بەشدار لە ڕاسانی تاراوگە، پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانییانی هێژا، هاوڕێیانی تاراوگە!

یادەوەریی سی ساڵەی تێرۆری ڕێبەری هەمیشە زیندوو و هاوڕێیانی، وەک دەسپێکی ڕاسان، کۆساڵان، قەرەسەقەل، نەورۆزی جامانەکان، زەماوەندی ئاڵا، حەماسەی کرماشان و لوڕستان، نەورۆزی خاکیپۆشان، سیما و هێمایەکی تری بە ڕابوون و ڕاسانی ڕۆژهەڵات بەخشی.

هەموان لە بروکسێل کۆ بووینەوە تاکوو یاد، ناو و خەباتی ڕێبەری لێهاتووی گەل و نەتەوەکەمان زیندوو بکەینەوە و لەم ڕێگەوە بە داگیرکەر و دەسەڵاتدارانی تاران بڵێین، هەرچەند ڕێبەری شەهید لەگەڵماندا نییە، بەڵام ڕێباز و ڕێبوارانی قایمتر لە جاران بەردەوامن.

کارنەڤاڵی بروکسێل، حەرەکەتێکی بەهێز بوو کە سەرچاوەی لە ئیرادەی خۆرهەڵاتییەکان و بەتایبەتی ئەندام، لایەنگر و دۆستانی حیزبی دێموکراتەوە دەگرت.

بەم بۆنەوە بە ناوی ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، سپاس و پێزانینی خۆمانتان ئاراستە دەکەین. سپاسی یەک بە یەکی ئەندام، لایەنگر و دۆستانی حیزبەکەمان دەکەین کە لە شارە دوور و نزیکەکانی ئورووپاوە ڕێگای برۆکسێلیان گرتەبەر، تاکوو شانازییەکی تر بۆ خۆرهەڵات تۆمار بکەین.

لە هەمان کاتدا، پێویستە سپاسی خەڵکی تێکۆشەری کوردستان و ئەو مرۆڤە نیشتمانپەروەرانە بکەین کە لە پارچەکانی تری کوردستانەوە پەیوەست بەم یادەوەرییە نیشتمانییە بوون. هەروەها ڕێکخراو، کەسایەتییە کوردستانی، ئێرانی و ئورووپاییانە کە شان بە شانی ئێمە، تێرۆری خەباتکارانی کوردیان شەرمەزار کرد و یادی دوکتور قاسملوویان بەرز ڕاگرت. هەروەها سپاسی هەموو ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزب لە باشووری کوردستان و لە نێوخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکەین کە بە شێوەی جۆراوجۆر، یادی ئەو ڕێبەرە مەزنەیان بەرز ڕاگرت.

لە کۆتاییدا سپاسی کۆمیتەی ئامادەکاریی یادەکە و هەروەها کۆمیتەکانی حیزب لە وڵاتە جیاوازەکانی ئورووپا و هەرێمی کوردستان دەکەین کە سەرکەوتووانە ئەم ئەرکەیان بە ئەنجام گەیاند.

سەرکەوتن بۆ گەل و نیشتمان

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێپرسراوی گشتی

مستەفا هیجری

پووشپەڕی ١٣٩٨ی هەتاوی