کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێپڕسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات لەگەڵ هەیئەتێکی ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست" کۆبووە

12:53 - 25 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: "مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە درێژەی چاوپێکەوتن و کۆبوونەوەکانی خۆیدا لە ئامریکا لەگەڵ هەیئەتێکی ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست" کۆبووە و سەردانی کۆنگرەی ئامریکاشی کرد و چەند چاوپێکەوتنێکی ئەنجام دا.

لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانلە کۆبوونەوەی لەگەڵ هەیئەتی ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست" بارودۆخی ئەمڕۆی ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵاتی شی کردەوە و باسی لەوە کرد کە ڕێژیمی ئێران زەبروزەنگێکی زۆری خستووەتە سەر نەتەوەی کورد و ئەو زوڵم و ستەمش لە لایەن میدیا جیهانییەکانەوە کەمتر گرینگی پێدراوە.

هیجری لە کۆبوونەوەی لەگەڵ هەیئەتی ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست" باسی لەوەش کرد، پێویستە ئەو ڕۆژنامەیە و ڕۆژنامەکانی دیکە زیاتر ئاوڕ لە مەسەلەی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ و بەتایبەت کوردستانی ڕۆژهەڵات بدەنەوە و گرینگییەکی زیاتر بە مەسەلەی کورد لە ئێراندا بدەن.

هەیئەتی ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست" قسەکانی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان زۆر گرینگ نرخاند و چەندین پرسیاریان لەو بارەیەوە لەگەڵ مستەفا هیجری هێنایە ئاراوە و کە لە لایەن ناوبراووە وڵامی پرسیارەکان درایەوە.

لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دوای کۆبوونەوە لەگەڵ هەیئەتی ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"، سەردانی کۆنگرەی ئامریکای کرد.

هیجری لە قسەکانیدا بۆ سێناتۆر و کۆنگرێسمەنەکانی ئامریکای شی کردەوە کە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە چەمکی گۆڕینی ڕێژیم لە واشنتۆن و پایتەختەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا زیاتر ببیسرێت.

ناوبراو باسی لەوە کرد کاتێک ئێمە باس لە گۆڕینی ڕێژیم دەکەیەن مەبەستمان ئەوە نیه، ڕێژیممان بۆ بگۆڕێت، بەڵکوو مەبەستی ئێمە ئەوەیە کە خەڵکی ئێران بەو قەناعەتە گەیشتوون کە دیانهەوێ ئەو ڕێژیمە بگۆڕن و خەڵکی ئێران گەیشتوونەتە ئەو ئاستە کە ئەو بارودۆخەیان ناوێ. خۆپیشاندانەکان و هاتنەسەر شەقامی خەڵک لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو و ئەو دروشمانەی کە درا نیشاندەری ئەوەیە کە خەڵکی ئێران گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتە کە دەبێ ئەو ڕێژیمە لەسەرکار نەمێنێت.

هیجری باسی لەوە کرد، داوای ئێمە لە ئامریکا و ئورووپا ئەوەیە کە نابێ ئەو واقعیەتە قەبووڵ بکەن و بەجێی ئەوەی کە لە دوای ئەوە بن ڕێگایەک بدۆزنەوە لەگەڵ ئێران مامەڵە بکەن، بەڵکوو لە دوای ئەوە بن کە ڕێگایەک بدۆزنەوە یارمەتی خەڵکی ئیران بدەن کە ئەو ڕێژیمە بگۆڕن. هەروەها بیر لەوە بکەنەوە کە لەگەڵ دەوڵەتی داهاتووی ئێران، لەگەڵ سیستمێکی نوێ کە جێگرەوەی ئەم ڕێژیمە دەبێت چۆن تەعاموول بکەن.

لەو پێوەندییەدا "ئارەش ساڵح" نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئامریکا کە لەو چاوپێکەوتنانەدا لەگەڵ "مستەفا هیجری" لێپڕسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات بووە لە پێوەندییەکی تەلەفوونیدا بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا"ی ڕاگەیاند، لەم چاوپێکەوتنانەدا بۆ حیزبی دێموکرات دەرکەوتووە که ناسین و تێگەیشتنی سیناتۆر و کۆنگرێسمەنەکانی ئامریکا بەنیسبەت مەسەلەی کوردستان باشه و ئەوان هاوسۆزییەکی باشیان بهنیبسەت مەسەلەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتەوە هەیە، هەروەها دەریانخستووە کە تێگەیشتنیان بە نیسبەت هەڵسوکەوتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەیە.

نوێنەی حیزبی دێموکرات باسی لەوەش کرد کە دەسکەوتەکانی ئەو سەردانەی لە کۆنگرەی ئامریکا زۆر ئەرێنی وەسف کرد و بۆ وێنە ئێمە توانیومانە وەکوو حیزبی دێموکرات هاوکارییەکانی سیناتۆر "روبیۆ" بۆ داهاتووی پێوەندییەکانمان لە ئامریکا مسۆگەر بکەین و ئێمە دڵنیاین وەکوو حیزبی دێموکرات کە لە داهاتوودا سێناتۆر ڕوبیۆ یاریدەرێکی باشمان دەبێت بۆ ئەوەی کە بتوانین پێوەندییەکانمان لە ئامریکا پتەوتر بکەین.

هەر لەو چاوپێکەوتنانەدا کۆنگریسمەن "برایان مەست" بە مستەفا هیجری، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی ڕاگەیاند کە تێگەیشتنی ئێمە بە نیسبەت ڕابردوو و ئێستای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئێران تێگەیشتنێکی زۆر لە یەک نزیکە و هەروەها ئەو شێوازەی کە بەڕێزتان داهاتووی ئێران شی دەکەیەوە زۆر نزیکە لەو داهاتوویەی کە من بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەبەرچاوی دەگرم.

 له کۆتاییدا کۆنگریسمەن "مەست" پشتیوانی خۆی لە دۆزی ڕەوای کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەربڕی و دووپاتی کردەوە کە ئێمە لەگەڵ ئێوەین و هیواخوازین ئێوە بە ئامانجەکانتان بگەن.