کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێکۆڵەرێکی کورد لە شاری تاران دەسبەسەر کرا

18:34 - 22 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: لێکۆڵەرێکی کورد و براوەی خەڵاتی بونیادی ئاشتیی ژنان لە بەشی وێژە و زانستە مرۆییەکانی زانکۆی جۆرج واشینگتۆن لە شاری تاران و لە نێو ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کرا.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٠ی گەلاوێژ، "کامیل ئەحمەدی"، نووسەر و لێکۆڵەری زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

"شەفەق ڕەحمانی"، هاوژینی ئەم لێکۆڵەرە کوردە سەبارەت بە دەسبەسەرکرانی هاوسەرەکەی لە ئینستاگرامی خۆیدا نووسیویەتی: "هاوژینم کامیل ئەحمەدی، ڕۆژی یەکشەممە، دەسبەسەر کراوە. لە درێژەی بەدواداچوونەکانی ئەمڕۆماندا دەرکەوت کە لقی دادسەرای ئەمنییەتی زیندانی ئەوین ماوەی یەک مانگ دەسبەسەرکرانی بۆ کامیل دیاری کردووە.هیچ زانیارییەک لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تاوانە وەپاڵدراوەکانی بە ئێمە نەدراوە."

کامیل ئەحمەدی، ساڵی ڕابردوو، خەڵاتی بونیادی ئاشتیی ژنان لە بەشی وێژە و زانستە مرۆییەکانی زانکۆی جۆرج واشینگتۆنی بە دەست هێنا.

ناوبراو بەهۆی نووسینە زانستییەکان و چالاکییەکانی لە بیاڤی خەسارە کۆمەڵایەتییەکاندا و بە جەختکردنەوە لە سەر " جنسییەت"، "منداڵان" و "کەمینەکان"، لەزانکۆی جۆرج واشینگتۆن خەڵاتی بۆ خۆی مسۆگەر کرد.

ئەم لێکۆڵەرە کوردە سەبارەت بە بابەتە فەرهەنگی- ناوچەییەکان، منداڵان و ژنان و مافی کەمینەکان خەریکی خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەیە و لەم ساڵانەی دواییدا پرۆژەگەلێکی لە بوارگەلی فەرهەنگی منداڵان و ژنان، جنسییەت و خەسارە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران و ناوچەکەدا ئەنجام داوە.

لێکۆڵینەوەکانی کامیل ئەحمەدی سەبارەت بە خەتەنەی ژنان (FGM/C)، هاوسەرگیری منداڵان(ECM)، هاوسەرگیریی کاتی/سیغە و هاوسەرگیری سپی لە ئێراندا ئەنجام دراون.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە دەسبەسەرکردنی خەڵک لە توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگادا بەردەوامە و پێش بە هەموو ئەو چالاکییانە دەگرێت کە لە لایەن کەسانی پسپۆڕ و شارەزاوە بە مەبەستی ئاگایی بەخشین بە خەڵک ئەنجام دەدرێن.